وەزیری نەوتی عێراق: پابەندنەبوونی ھەرێم بە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت پاساوی خۆی ھەیە
"وەزارەتی دارایی عێراق پابەند نییە بە پێدانی شایستە داراییەكانی ھەرێم"
K24 – ھەولێر:
وەزیری نەوتی عێراق، ئیحسان عەبدولجەبار، ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، وڵاتەكەی ھەوڵدەدات لەگەڵ "ئۆپێك" پابەند بیت لەبارەی كەمكردنەوەی بەرھەمھێنانی نەوت.
عەبدولجەبار لە لێدوانێكدا لە بەغدا بۆ رۆژنامەنووسانی بیانی روونیكردەوە، لادان لە رێككەوتنەكە بەھۆی قەبارەی كەمكردنەوەی بەرھەمھێنانە لە ھەرێمی كوردستان و پابەندنەبوونی دەسەڵاتەكەیەتی بەوەی بڕیاری لەسەر دراوە.
گوتیشی: "ھەوڵ دەدەین لەگەڵ ئۆپێك پابەند بین. كێڵگەكانی ناوەڕاست و باشووری وڵات پابەندن و ھەندێك جار زیاتر لە 100%. كاركەرانی ئەم بوارە بەپێی راسپاردەكانی وەزارت بەرھەمھێنانیان كەمكردووەتەوە. لە كێڵگەكانی میسان گەیشتووەتە 45%. ئەوەی ھۆكاری لادانی عێراقە لە پابەندییەكانی لە بەشە بازاڕەكەی، ناپابەندبوونی ھەرێمی كوردستانە بەو كەمكردنەوەیەی دانراوە".
ئاماژەشیكرد، ناپابەندبوونی ھەرێمی كوردستان، "پاساوی خۆی ھەیە"، چونكە "وەزارەتی دارایی عێراق پابەند نییە بە شایستە داراییەكانی ھەرێم".
لە راگەیاندراوێكدا، دوێنی سێشەممە، وەزارەتی نەوتی عێراقی جەختیكردەوە لە بەردەوامبوون لەسەر پلانەكانی بەرھەمھێنانی نەوت لە كێڵگەكاندا، ئاماژەشیكرد، "زیادكردنی بەرھەمھێنان وابەستەیە بە پێویستی و قبووڵكردنی بازاڕی نەوتی جیھانی".
كەریم حەتاب، بریكاری وەزارەتی نەوت بۆ كاروباری دەرھێنانی نەوت لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ھەواڵی عێراق (واع) گوتی: وەزارەت بەردەوامە لە پلانەكانی بەرھەمھێنانی نەوت لە كێڵگە نەوتییەكاندا و ھەر زیادەیەك لە بەرھەمھێنان لە ئایندەدا وابەستەیە بە پێویستی و قبووڵكردنی بازاڕەكانی نەوتی جیھانی و بەو شێوەیەی، كە بە نەرێنی كاریگەری نەكاتە سەری لە چوارچێوەی ئەو ئاڵنگارییانەی دووچاری دەبنەوە".
جەختیشیكردەوە لەوەی "عێراق پابەندە بە كەمكردنەوە بەرھەمھێنان بەپێی بڕیاری "ئۆپێك پلاس" لە چوارچێوەی ئەو ئاڵنگاریانەی دووچاری بازاڕی نەوتی جیھانی و بەرھەمھێنەرانی نەوت لە جیھاندا دەبنەوە بەھۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا كە ھۆكاری داكشانەوەی ئابووری جیھانە".