ئه‌مڕۆ بۆ خولی نایابی كوردستان رۆژێكی ئاگرین بوو
له یه‌كه‌مین یاری قۆناخی دووه‌می خولی نایابی تۆپی پێی كوردستان ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 3 یاری به‌ڕێوه‌چوون، پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر ژماره‌ی خاڵه‌كانی به‌رز كرده‌وه و شوێنی خۆی له پێشه‌نگی كۆمه‌ڵه‌كه‌ی پته‌وتر كرد.
هه‌ولێر درێژه‌ی به ئه‌نجامه خراپه‌كان دا
له نێو یاریگه‌ی دووه‌می فره‌نسۆ هه‌ریری، یانه‌ی برایه‌تی سه‌ركه‌وتنی له دژی هه‌ولێر تۆمار كرد و له كۆتایی یارییه‌كه‌ش گرژی و ئاڵۆزی له نێوان هانده‌ران دروست بوو.
له ده‌ستپێكی گێمی یه‌كه‌می یارییه‌كه نه‌وشیروان لوقمان له خوله‌كی 23 گۆڵی یه‌كه‌می هه‌ولێری كرد، به‌ڵام كاروان ره‌مه‌زان له كۆتایی نیوه‌ی یه‌كه‌م ئه‌نجامه‌كه‌ی بۆ برایه‌تی یه‌كسان كرده‌وه.
دواتر له كۆتاییه‌كانی گێمی دووه‌م رووداوه‌كانی یارییه‌كه گه‌رمتر بوو، كاتێك سه‌فین مه‌نسوڕ كاپتنی یانه‌ی برایه‌تی دوو گۆڵی له‌سه‌ریه‌كی تۆمار كرد، ئه‌مه‌ش ناڕه‌زایی هانده‌رانی هه‌ولێری له دژی ناوبژیوانانی یارییه‌كه لێكهوتهوه، دواجار یارییه‌كه به 3 گۆڵ به‌رامبه‌ر تاكه گۆڵێك كۆتایی هات.
زاخۆ سه‌ركه‌وتنه‌كانی نه‌ورۆزی راگرت
له یارییه‌كی دیكه‌ی خولی نایابی تۆپی پێی كوردستان، نه‌ورۆز و زاخۆ به‌بێ گۆڵ یه‌كسان بوون.
له ده‌ستپێكی قۆناخی دووه‌می خولی نایابی كوردستان و له گه‌ڕی هه‌شته‌م نه‌ورۆز له سلێمانی میوانداریی زاخۆی كرد.
له نیوه‌ی یه‌كه‌می یارییه‌كه هه‌ردوولا به‌بێ گۆڵ یه‌كسان بوون، له نیوه‌ی دووه‌م به ئامانجی بردنه‌وه‌ی یارییه‌كه گه‌ڕانه‌وه یاریگه، به‌ڵام هیچ كامێكیان نه‌یانتوانی به‌ربه‌ستی یه‌كسانبوون بشكێنن.
زاخۆ له كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌م له خانه‌ی دووه‌م باڵانسی خاڵه‌كانی بۆ سێزده خاڵ به‌رز كرده‌وه، نه‌ورۆزیش به 10 خاڵ له خانه‌ی چواره‌م ده‌بینرێت.
پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ی به‌سه‌ر دهۆك دووباره كرده‌وه
فه‌رهه‌نگ وریا سه‌ركردایه‌تی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێری كرد و به دوو گۆڵی بێبه‌رامبه‌ر له دهۆكی برده‌وه.
پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر له پیرمام میوانداریی دهۆكی كرد، له نیوه‌ی یه‌كه‌می یارییه‌كه به ئه‌نجامێكی سپی به‌بێ گۆڵ كۆتایی هات و هه‌ردوولا له هه‌ژاندنی تۆڕی گۆڵی یه‌كتر سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون، به‌ڵام دوای 9 خولهك له ده‌ستپێكی نیوه‌ی دووه‌م فه‌رهه‌نگ وریا یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێری به گۆڵی یه‌كه‌م پێشخست.
فه‌رهه‌نگ گه‌ڕایه‌وه و هه‌ر خۆی گۆڵی دووه‌می پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێری تۆمار كرد و برینه‌كانی دهۆكی قوڵتر كرد.
پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر بووه خاوه‌نی16 خاڵ و له پێشه‌نگی كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌م مایه‌وه، دهۆكیش به حه‌وت خاڵ له دوایه‌مینی ریزبه‌ندی ده‌بینرێت.
سبه‌ی هه‌ینی 4 یاری دیكه به‌ڕێوه ده‌چن
سۆران ـ شێروانه 14:30
چه‌مچه‌ماڵ ـ سیروانی نوێ 14:30
ئارارات ـ پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی 14:30
هه‌ندرێن ـ ده‌ربه‌ندیخان 14:30