دهۆک یاریزانێکی هەڵبژاردەی ئێرانی گواستەوە ریزەکانی

بۆ وەرزی نوێی خولی نایابی خانمانی عێراق

یانەی ئافرەتانی دهۆک بەفەرمی گواستنەوەی یاریزانێکی ئێرانی بۆ وەرزی نوێی خولی نایابی تۆپی پێی خانمانی عێراقی راگەیاند.

یانەی ئافرەتانی دهۆک کە ئامادەکاریی بۆ وەرزی نوێی خولی نایابی تۆپی پێی خانمانی عێراق دەکات، گرێبەستی لەگەڵ پانیا عەباسی خانمە یاریزانی دیاری هەڵبژاردەی ئێران و یانەی پاڵاوگەی گازی ئیلام واژۆ کرد و ئەو خانمە یاریزانە پەیوەندی بە یانەکەی بادینان کرد، لە وەرزی نوێ کە مانگی داهاتوو دەستپێدەکات، درێسی یانەکەی دهۆک دەپۆشێت.

پانیا عەباسی پێشتر یاریی بۆ هەموو ئاستەکانی هەڵبژاردەی ئێران کردووە و لە خولی نایابی ئەو وڵاتەش ناوێکی دیار بوو و یەکەمجاریشە لە کاروانی وەرزشی خۆی، پەیوەندی بە یانەیەکی دەرەوەی وڵاتەکەی دەکات. پانیا لە هێڵی ناوەڕاست یاری دەکات و پێشتر لە خولی نایابی خانمانی ئێران یاری بۆ هەر یەک لە یانەکانی پاڵاوگەی گازی ئیلام و یانەی پەیکانی تاران کردووە.