زەمان: باباجان "گاڵتە" بە خەونی ئەردۆغان له‌ باره‌ی چوونه‌ سه‌ر مانگ ده‌كات

چۆن ئەردۆغان "خەونی بەرنامەی ئاسمانی" جێبەجێدەكات لەم دۆخە ئابوورییەی توركیا پێیدا تێپەڕ دەبێت؟

عەلی باباجان، سەرۆكی حزبی "دیموكراتییەت و پێشكەوتن"ی توركیایی
عەلی باباجان، سەرۆكی حزبی "دیموكراتییەت و پێشكەوتن"ی توركیایی

K24 – ھەولێر:

حزبی "دیموكراتییەت و پێشكەوتن"ی توركیایی، بە سەركردایەتی عەلی باباجان، گاڵتەی بە لێدوانەكانی سەرۆكی توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان كرد، كە گوتبووی لە ساڵی 2023 وڵاتەكەی كەشتی ئاسمانی رەوانەی سەر مانگ دەكات.

حزبی باباجان بۆ وەڵامدانەوەی ئەردۆغان پەنای بردە بەر رۆژنامەی "تەقویم"ی سەر بە حكومەت، كە گوتارێكی بڵاوكردبوویەوە لەژێر ناوونیشانی "بەبێ خوێندنەوەی ئەم ھەواڵە مەڕۆ بۆ بازاڕ". لە گوتارەكەدا ئامۆژگاری توركەكان كراوە، منداڵەكانیان لەگەڵ خۆیان نەبەن بۆ بازاڕ و لەكاتی گەدەی خاڵیدا بازاڕ نەكەن. بەپێی گوتارەكە ئەمە رێگاچارەی سەركەوتوون بۆ ھەست نەكردن بە قورسی تەنگژەی ئابووری. حزبەكەی باباجان وێنەی لاپەڕەی یەكەمی رۆژنامەی "تەقویم"ی وەرگرت، لەگەڵ گۆڕینی ناواخنی ناوونیشانەكە و بووە "بەبێ خوێندنەوەی ئەم ھەواڵە مەڕۆ سەر مانگ" وەك ئاماژەیەك بۆ ئەو بەرنامە ئاسمانییەی ئەردۆغان رایگەیاندبوو.

بەپێی رۆژنامەی "زمان"ی توركیایی بەرھەڵستكار، حزبی باباجان پرسیویەتی: چۆن ئەردۆغان "خەونی بەرنامەی ئاسمانی" جێبەجێدەكات لەم دۆخە ئابوورییە توركیا پێیدا تێپەڕ دەبێت.

باباجان، ئەردۆغان و ھاوبەشەكانی بە بەرپرس دانا لە دابەزینی نرخی لیرەی توركیا بەرامبەر بە پارەی بیانی و بەرزبوونەوەی تێكڕاییەكانی ھەڵاوسان لە ئەنجامی سیاسەتە دراوییە چەوتەكانی.

سەرچاوە: RT