بۆ یه‌كه‌مجار ژنێك ده‌بێته سكرتێری گشتی فیفا
هیچ شاره‌زاییه‌كیشی له وه‌رزشدا نییه
K24 - هه‌ولێر:
جانی ئینفانیتۆ، سه‌رۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان (فیفا) رایگه‌یاند، ژنه دیپلۆماتكارێكی سه‌نیگالی، بۆ وه‌رگرتنی پۆسی سكرتێری گشتی فیدراسیۆنه‌كه ده‌ستنیشان كراوه، ئه‌مه‌ش به یه‌كه‌م ژن داده‌نرێت، كه ئه‌و پۆسته وه‌رده‌گرێت.
فاتیمه سامۆرا، له مانگی حوزه‌یران، یۆنیۆ ئه‌مساڵه‌وه، له شوێنی مارۆكس كانته‌ری ئه‌ڵمانی ده‌ست به‌كار ده‌بێت، كه پێشتر به وه‌كاله‌ت ئه‌و پۆسته‌ی به‌ڕێوه‌بردووه و پێشتریش جیرۆم فالكی فه‌ره‌نسی، بۆ ماوه‌ی 12 ساڵ له‌و پۆسته‌دا بووه، به‌ڵام به‌هۆی تێوه‌گلان له دۆسیه‌ی گه‌نده‌ڵییه‌وه، له كاره‌كه‌ی دوور خرایه‌وه.
سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له فیفا رایگه‌یاند، له كۆنگره‌ی شه‌ست و شه‌شه‌مینی فیفا، كه بڕیاره سبه‌ی له مه‌كسیك ده‌ست به‌كاره‌كانی بكات، خانمێك بۆ ئه‌و پۆسته ده‌ستنیشان بكرێت و ئه‌و خانمه‌ش ئه‌وروپی نییه.
سامۆرا ته‌مه‌ن 54 ساڵ، ماوه‌ی 21 ساڵه له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان كار ده‌كات و به نوێنه‌رایه‌تی ئه‌و رێكخراوه، چه‌ندین پۆستی له ژماره‌یه‌ك وڵاتی ئه‌فریقا وه‌رگرتووه.
هه‌رچه‌نده سامۆرا، شاره‌زایییه‌كی ئه‌وتۆی له كاركردن له‌گه‌ڵ رێكخراوه وه‌رزشییه‌كاندا نییه، به‌ڵام به‌هۆی كه‌سایه‌تی و لێهاتیووییه‌كه‌ی، وه‌ك ئینفانیتۆ باسی لێوه‌ده‌كات، بۆ ئه‌و پۆسته ده‌ستنیشان كراوه.