نەتەوە یەکگرتووەکان جەخت لە جێگیرکردنی پشکی کورد لە بودجەی عێراق دەکاتەوە

سەرۆکی هەرێمی کوردستان و نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دیدارێکان ئەنجام دا

سەرۆکی هەرێمی کوردستان و نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان
سەرۆکی هەرێمی کوردستان و نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان

K24- هەولێر:

نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ خاتوو جينين پلاسخارت، نێرده‌ى تايبه‌تى سكرتێرى گشتيى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق كرد و پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا باسی لێوەکرا.

لە دیدارەکە، نێرده‌ى تايبه‌تى سكرتێرى گشتيى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق، خاتوو جێنين پلاسخارت جه‌خت له‌وه‌ کردەوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ده‌توانێت و چاويان لێيه‌ ئاماده‌يى و رۆڵێكى به‌رچاوترى له‌ سه‌ركه‌وتنى گفتوگۆى هه‌ولێر ـ به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوان حكوومه‌تى فيدراڵى عێراق و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و جێگيركردنى پشكى هه‌رێمى كوردستان له‌ ياساى بودجه‌ى عێراقدا بۆ ساڵى 2021، هه‌روه‌ها له‌ ته‌بايى و يه‌كڕيزيى لايه‌نه‌ كوردستانييه‌كاندا هه‌بێت.

هەروەها، كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنيان و هه‌وڵه‌كان بۆ جێگيركردنى پشكى هه‌رێمى كوردستان له‌ ياساى بودجه‌ى 2021ى عێراقدا تاوتوێ كرا و هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ چاره‌سه‌ركردنيان له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوورى عێراق كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها دۆخى سياسى و ئه‌منى و ئابووريى وڵات، په‌تاى كۆڤيد_19، هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى عێراق، دۆخى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران، مه‌ترسيى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى تيرۆر و كرداره‌كانى داعش و دۆخى ناوچه‌كه‌يان به‌گشتى خسته‌ به‌ر باس.