سەرۆک بارزانی: ئەگەر دەستوور جێبەجێبکرابا هەولێر و بەغدا کێشەکانی ئێستایان نەدەبوو

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكات

سەرۆك بارزانی و  نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان
سەرۆك بارزانی و نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان

K24- هەولێر:

سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە خاتوو جێنین پلاسخارت نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق كرد و باسیان لە کێشەکانی ئەمڕۆی عێراق کرد.

لە دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی و دواپێشهاتەكانی عێراق و دانوستاندنەكانی نێوان هەرێم و حكوومەتی فیدڕاڵی و ئاستەنگەكانی بەردەم جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئاساییكردنەوەی بارودۆخی شنگال ئاڵوگۆڕ كرا.

لەو دانیشتنەدا نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق جەختی لەوە كردەوە كە نەتەوە یەكگرتووەكان هانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕاڵی عێراق دەدات كە بەردەوام بن لە دیالۆگ و ڕەخساندنی كەشی ئیجابی بۆ سەرخستنی دانوستاندنەكان و بەدەستهاتنی چارەسەری گونجاو بۆ كێشەكانی نێوانیان.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی پشتگیریی خۆی بۆ دیالۆگی بەردەوامی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدڕاڵی عێراق لە چوارچێوەی دەستوور ڕاگەیاند و، ئەوەشی دووپات كردەوە كە ئەگەر لە ساڵانی ڕابردوودا دەستوور وەك خۆی جێبەجێ كرابا زۆر لەو كێشە و گرفتەكانە نەدەبوون كە ئێستا لە نێوان هەردوولا هەن.