سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی پشتیوانی بۆ تیمی دانووستانكاری حكومه‌تی هه‌رێم دووپاتكرده‌وه‌

هاوكات فراكسیۆنی یەكێتی لە ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقی راسپارد، كە هاوكار و پشتیوانی تیمەكە بێت

لۆگۆی یه‌كێتی
لۆگۆی یه‌كێتی

K24 – هه‌ولێر:

ئەنجوومەنی سەركردایەتی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، كۆبوویه‌وه‌ و له‌ راگه‌یه‌ندراوی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا "پشتیوانی بۆ  تیمی دانووستاندنی حكومەتی هەرێم لەگەڵ حكومەتی ئیتیحادی دووپاتكرده‌وه‌ و هاوكات فراكسیۆنی یەكێتی لە ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقی راسپارد، كە هاوكار و پشتیوانی تیمەكە بێت".

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی كۆبوونه‌وه‌كه‌، ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی پێداگیری له‌ سه‌ر سیستمی ناناوه‌ندێتی كارگێڕی و دارایی له‌ چوارچێوه‌ی هه‌رێمی كوردستان كردووه‌ و هه‌روه‌ها پشتیوانی خۆی بۆ تیمی دانووستاندنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ئیتیجادی ده‌ربڕوه‌.

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌،  ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ "فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقی راسپارد، كە هاوكار و پشتیوانی تیمەكە بێت".

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: "چاككردنی دۆخی گوزەران و ژیانی خەڵكی كوردستان. لەم بارەیەوە رێككەوتن لەچوارچێوەی دەستوری عێراق بۆ بەدەستهێنانی ماف و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لەبودجەی 2021دا، بەپێویست زانرا".