ئەردۆغان: لێدوانەكانی ئەمەریكا لە بارەی كوژرانی توركهكان لە عێراق "گاڵتەجاڕییە"
"ئەگەر دەتانەوێت پەیوەندییەكانی ھاوپەیمانی لەسەر ئاستی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ناتۆ لەگەڵ توركیا بەردەوام بێت؛ دەبێت پاشگەز ببنەوە لەوەی لە تەك تیرۆریستەكاندا بن".
K24 – ھەولێر:
سەرۆكی توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، ویلایەتە یەكگرتووەكان ئەمەریكای تۆمەتباركرد بە پشتیوانیكردنی چەكدارانی كورد، كە توركیا دەڵێت: ئەوان "13 كهسی توركیایان لە باكووری عێراق كوشتووە"، گوتیشی: راگەیاندراوی ئیدانەكردنەكەی ئەمەریكا "گاڵتەجاڕییە".
ئەردۆغان رووی كردە وڵاتە رۆژئاواییەكان و پێیانی گوت: "ئەگەر دەتانەوێت پەیوەندییەكانی ھاوپەیمانی لەسەر ئاستی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ناتۆ لەگەڵ توركیا بەردەوام بێت؛ دەبێت پاشگەز ببنەوە لەوەی لە تەك تیرۆریستەكاندا بن".
گوتیشی: "تەواوی ئامرازەكانی پێگە كۆمەڵایەتییەكان، كە بوونەتە ئامرازی پڕوپاگندەیی بۆ رێكخراوە تیرۆریستییەكان بەرپرسن لە كوشتنی ئەو 13 كەسە بێ گوناھە".
توركیا دوێنی گوتی: "چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان 13 كهسی توركیاییان كوشتووە، كە ھەندێكیان سەربازن و ھەندێكیان پۆلیسن، لە میانی ئۆپەراسیۆنێكی توركیادا دژ بەو رێكخراوە". "واشنتن" گوتبووی: "ئەو سەركۆنەی كوشتنی ئەو توركیایانە دەكات ئەگەر راپۆرتەكان راستگۆیی توركیایان سەلماند، كە پارتی كرێكارانی كوردستان كارەكەی ئەنجامداوە".
ئەردۆغان بە لایەنگرانی پارتی داد وگەشەپێدان، كە خۆی سەركردایەتیی دەكات گوتی: راگەیاندراوی ویلایەتە یەكگرتووەكان بە دیاردەخات، خودی ئەمەریكا پشتیوانی لە پارتی كرێكارانی كوردستان و یەكینەكانی پاراستنی گەلی كورد لە سووریا دەكات، كە ئەنقەرە بە لقێكی ئەو پارتە قەدەغەكراوەی دادەنێت.
دوێنی ئەنقەرە رەخنەی گرتبوو لەوەی بە "كپی و بێدەنگی جیھان"ی وەسفكردبوو بەرامبەر بە رەفتارەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان.
سەرچاوە: "رۆیتەرز، ئەنادۆڵ"