سه‌رۆك بارزانی پیرۆزبایی له ‌یه‌كێتی قوتابیان و لاوانی كوردستان ده‌كات

"دڵم بە هەبوونتان خۆشە و ئێوە ئومێدی میللەتێكی مەزلوومن"

سەرۆک مەسعود بارزانی
سەرۆک مەسعود بارزانی

K24- هەولێر:

بەبۆنەی 68‌هەمین ساڵیادی دامەزاراندنی یەکێتیی قوتابیانی و یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان، سەرۆک مەسعود بارزانی پیرۆزبایی لە هەردوو یەکێتییەکە دەکات.

لەم رۆژەدا سەرۆک بارزانی داوا لە لاوان دەکات: "لە سەردەمی ئێستادا ئەو چاوەڕوانییە لە قوتابیان و لاوانی ئازیز هەیە كە هاوتەریب لەگەڵ پابەندبوونیان بە بەها بەرزەكانی رێبازی كوردایەتی و نیشتیمانپەروەری، لەڕێی زانست و داهێنان كار بۆ پێگەیاندنی گەنج و لاوی هۆشیار و بڕوابەخۆبوو بكەن".

لە پەیامەکەی سەرۆک بارزانی هاتووە: "ئێوە قوتابی و لاوی قوتابخانەیەكی رەسەن و پڕ لە شانازیین. هەر بۆیەش ئێوە دەبێ نموونەی قوتابی و لاوی ئەو كوردستانە بن بۆ خزمەتكردنی نیشتیمانەكەتان ".

دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی:

بە بۆنەی شەست وهه‌شتەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی قوتابیانی كوردستان و یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی لاوان و قوتابیانی خۆشەویستی كوردستان دەكەم و هیوای سەركەوتن و بەردەوامیان بۆ دەخوازم.

قوتابیان و لاوانی کوردستان هەر لە ساتی‌ دامه‌زراندنی  رێکخراوه‌که‌یانه‌وه‌ لە قۆناغی شۆڕشی ئەیلوول هەتا شۆڕشی گوڵان و ڕاپەڕین و قۆناغی دوای ڕاپەڕین، بەشێكی دیار و كاریگەری خەباتی گەلەكەمان بوونە و، هەردوو ڕێكخراو قوتابخانەی پێگەیاندنی ڕۆڵەی هۆشیار و بوێر و سەركردەی بە توانا بوونە و، شوێنی وزە و هەناسەی نوێ بوونە بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان و لە ڕێگەی تێكۆشانیاندا شەهید و قوربانیان داوە.

لە سەردەمی ئێستادا ئەو چاوەڕوانییە لە قوتابیان و لاوانی ئازیز هەیە كە هاوتەریب لەگەڵ پابەندبوونیان بە بەها بەرزەكانی ڕێبازی كوردایەتی و نیشتیمانپەروەری، لەڕێی زانست و داهێنان كار بۆ پێگەیاندنی گەنج و لاوی هۆشیار و بڕوابەخۆبوو بكەن. ئێوە قوتابی و لاوی قوتابخانەیەكی ڕەسەن و پڕ لە شانازیین. هەر بۆیەش ئێوە دەبێ نموونەی قوتابی و لاوی ئەو كوردستانە بن بۆ خزمەتكردنی نیشتیمانەكەتان.

دڵم بە هەبوونتان خۆشە و ئێوە ئومێدی میللەتێكی مەزلوومن، پێویستە زیاتر لە جاران هەوڵ بدەن و لە ئاست چاوەڕوانیی كۆمەڵگە و دۆزی ڕەوای گەلەكەتاندا بن

دووبارە پیرۆزباییتان لێ دەكەم و بمێنن بە خێر و خۆشی

مەسعود بارزانی

١٨ـی شوباتی ٢٠٢١