مهسرور بارزانی: یهكێتی قوتابیان و لاوان قوتابخانەیەک بوونە بۆ پێگەیاندنی چەندین سەرکردەی لێهاتوو
مەسرور بارزانی پێشوازی لە بەرپرسی دەستەی ڕێکخراوە جەماوەری و پیشەییەکانی پارتی و هەردوو سکرتاریەتی قوتابیان و لاوان دەکات .
K24 - ههولێر:
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2021/2/18 رێزدار مەسرور بارزانی پێشوازی لە بەرپرسی دەستەی رێکخراوە جەماوەری و پیشەییەکانی پارتی و هەردوو سکرتاریەتی قوتابیان و لاوان کرد.
لە دەستپێکی دیدارەکەدا، مەسرور بارزانی بەبۆنەی شەستوههشتەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی قوتابیانی كوردستان و یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان، پیرۆزبایی لە هەردوو ڕێکخراوەکە کرد و هیوای سەرکەوتن و بەردەوامیی بۆ خواستن لە کاری ڕێکخراوەییاندا.
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەدا، هەردوو ڕێکخراوەکە لە قۆناغە جیاجیاکانی شۆڕش و تێکۆشانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستاندا، ڕۆڵێکی گرنگ و پێشەنگیان هەبووە و مێژوویەکی گەشیان هەیە و قوتابخانەیەک بوونە بۆ پێگەیاندنی چەندین سەرکردەی لێهاتوو و بەتوانا کە خزمەتێکی بەرچاویان پێشکەشی کوردستان کردووە.
مەسرور بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە هەردوو یەکێتی قوتابیان و لاوان، بە گیانێکی داهێنەرانەوە، بەردەوام بن لە درێژەدان بە ڕۆڵی پێشەنگانەی خۆیان، بۆ پەرەپێدانی هزری نیشتمانپەروەری و بەرەوپێشبردنی تواناکانی خۆیان بە سوود وەرگرتن لە پێشکەوتنەکانی سەردەم، بۆ ئەوەی بتوانن بە باشترین شێوە خزمەتی کوردستان بکەن.

