به‌هۆی ئێران فه‌رمانده‌یه‌كی ئەمریکی لەسەرکار لادەدرێ

K24 - هه‌ولێر:

فەرماندەی ئەو یەکە سەربازییە ئەمریکییەی چوار مانگ لەمەوبەر لە لایەن سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرابوون لەسەر کار لادرا.

بە گوێرەی راگەیاندراوێکی هێزی دەریایی ئەمریکا هۆکاری لەسەر کار لادانی ئێریک راش کە فەرماندەی کارگێڕیی یەکە سەربازییەکە بووە ئەوەیە کە متمانەیان بە توانایی رێبەری کردنی ئەو ئەفسەرە نەماوە.

لەو راگەیاندراوەدا هەروەها هاتووە، ئێرێک راش بەرپرسی راهێنانی زیاتر لە 400 سەربازی ئەمریکی بووە.

لەسەر کار لادانی ئەم فەرماندە سەربازییە و سزا دانی ژمارەیەک لەو سەربازانەی لە لایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوون، لە حاڵێکدایە کە فەرماندەکانی ئەو یەکەیەی سوپای پاسداران کە سەربازە ئەمریکییەکانی دەستبەسەر کردبوو لە لایەن ئایەتوڵڵا خامەنەیی، رێبەری ئێرانەوە خەڵات کرابوون و میداڵیای سەرکەوتنیان پێ بەخشرابوو.