مووچەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی رەگەزنامەی ھەرێم بەبێ لێبڕین دابەش دەكرێت
سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان وەزارەتی دارایی راسپارد
K24 – ھەولێر
سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان وەزارەتی دارایی راسپارد بۆ دابەشكردنی مووچەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی رەگەزنامەی هەرێم بەبێ لێبڕین.
ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد "مووچەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی رەگەزنامەی هەرێم دابەش دەکرێت. لەسەر راسپاردەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، وهزیری دارایی و ئابووری رەزامەندا بە پێدان و خەرج کردنی مووچەی مانگی (کانوونی دووەم) ساڵی 2021 بۆ کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی رەگەزنامەی هەرێم بەبێ لێبڕین".
پێشتر لە روونكردنەوەیەكدا وەزارەتی دارایی ئاشكرای كردبوو، لە كۆی گشتی تەمویلی پێویست بۆ مووچەی یەك مانگی فەرمانبەرانی رەگەزنامەی هەرێمی كوردستان نزیكەی 6 ملیار و 250 ملیۆن دینار دەبێت و لە كۆی ئەم بڕە پارەیەش مانگانە حكومەتی ناوەند تەنها نزیكەی ملیارێك و 862 ملیۆن دیناری بۆ چوار هەزارو 700 مووچەخۆری رەگەزنامەی هەرێم ناردووە. هەروەك ئەو پارەیەی نێردراوە تەنها نزیكەی 25% مووچەی ئەو فەرمانبەرانە دەكات و بەوەش بە تەمویلی چوار مانگی بەغدا بۆ ئەم مووچەخۆرانە تەنیا دەتوانرێت مووچەی یەك مانگی پێ دابین بكرێت.
وەزارەتی دارایی راشیگەیاندووە، مانگەكانی10- 11-12 ساڵی رابردوو لەگەڵ مانگی یەكی 2021 هیچ بڕە پارەیەكی بۆ هەرێم نەناردووە تاوەكو مووچەی فەرمانبەرانی بەنداوەكان و رەگەزنامەی هەرێم دابەش بكرێت بەدەر لەوانەش مانگی رابردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان بەبێ لێبڕین مووچەی بۆ بەڕێوبەرایەتی رەگەزنامەی هەرێم دابینكردووە.