واشنتن: سیاسەتی ئەو پەڕی فشار لەسەر ئێران بەرھەمی نەبوو و ئەمڕۆ شێوازێكی دیكە پەیڕەو دەكەین

"چووینە سەر رێڕەوێكی نوێ، كە دیپلۆماسییەتی زیرەكە، لەگەڵ ھاوپەیمانانمان و ھاوبەشانمان"

واشنتن: سیاسەتی ئەو پەڕی فشار لەسەر ئێران بەرھەمی نەبوو و ئەمڕۆ شێوازێكی دیكە پەیڕەو دەكەین
واشنتن: سیاسەتی ئەو پەڕی فشار لەسەر ئێران بەرھەمی نەبوو و ئەمڕۆ شێوازێكی دیكە پەیڕەو دەكەین

K24 – ھەولێر:

گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا، نید برایس رایگەیاند، سیاسەتی ئەو پەڕی فشاری لەسەر ئێران بووە ھۆی ئەوەی دەسەڵاتدارانی ئێران ئێستا زۆر نزیك ببنەوە لە بەرھەمھێنانی چەكی ئەتۆمی.

برایس لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنووسان گوتی: "ئەگەر تەماشای ئەنجامەكانی سیاسەتی ئەو پەڕی فشار بكەین، دەگەینە یەك دەرئەنجام، دەبوایە ئەو پەڕی فشار گەیشتبووایە رێككەوتنێكی باشتر "سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران" و ئێرانی دوورەپەرێز كردبووایە لە جیھان و ھەڵوێستی باشتری بە ویلایەتە یەكگرتووەكان دابا، بەڵام لە راستیدا ھیچ ئەنجامێكی لەم جۆرەی نەدا. ئەمڕۆ دوای رۆیشتنی ئیدارەی سەرۆكی پێشوو، دۆناڵد ترەمپ، ئێران لە بەرھەمھێنانی چەكی ئەتۆمی زۆر نزیك بووەتەوە".

بەپێی گوتەبێژی ئەمەریكایی، برایس، سیاسەتی ئەو پەڕی فشار لەگەڵ چالاكی دیپلۆماسی خۆازراو ھاوبەند نەبوون، بۆیە "ئێمە لەو جێگایەی خۆمانین".

ئەو دیپلۆماتكارە ئەمەریكاییە گوتیشی: "چووینە سەر رێڕەوێكی نوێ، كە دیپلۆماسییەتی زیرەكە، لەگەڵ ھاوپەیمانانمان و ھاوبەشانمان".

برایس جەختیكردەوە لەوەی گەڕانەوەی بۆ پلانی كاری گشتگیری ھاوبەش بۆ بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، سەبارەت بە وڵاتەكەی ئامرازێكە بۆ جێبەجێكردنی ئامانجی ستراتیجی، كە خۆی لە دڵنیابوون لە دەستەبەرنەكردنی ئێراندا بۆ چەكی ئەتۆمی دەبینێتەوە.

برایس گوتی: سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ئەم كارەی روونكردەوە بەوەی: "رێگایەكی باشتر و كاراتر بۆ ئەو كارە دیپلۆماسییەتە".

برایس جەختیكردەوە لەوەی ئەگەر ئێران گەڕایەوە سەر جێبەجێكردنی پابەندییەكانی لە رێككەوتنەكەدا، ئەوە واشنتنیش ھەمان شت دەكات.

سەرچاوە: تاس