پۆلیسی ئهمهریكا ھۆشداری لە پیلانی تەقاندنەوەی كۆنگرێس دەدات
دەزگاكانی جێبەجێكردنی یاسا ھێشتا نیگەرانن لە مەزندەی ئەگەری ھێرشەكان
K24 – ھەولێر:
كاربەڕێكەری پۆلیسی كاپیتاڵ، یۆگاندن بیتمان، رایگەیاند، زانیاری ھەواڵگری ھەیە، كە ھۆشداری دەدات لەوەی توندڕەوان پلان دادەڕێژن بۆ تەقاندنەوەی بینای كاپیتاڵ ھێل (بینای كۆنگرێس) لە میانی یەكەم گوتاری فەرمیی سەرۆكی ئەمەریكا، جۆ بایدن لە بەردەم كۆنگرێسدا.
بیتمان گوتی: "ئێمە دەزانین چەند كۆمەڵەیەكی چەكدار، كە بەشدارییان لە ھەڵكوتانە سەر بینایەی كاپیتاڵ ھیل كرد لە 6 كانوونی دووەم، نیازی خۆیان دەربڕی لە تەقاندنەوەی بینایەی كاپیتاڵ ھیل و كوشتنی زیاترین ژمارە لە ئەندامانی"، ئاماژەشیكرد، "لەسەر بنەمای ئەو زانیارییانە، پێمانوایە داناییە پۆلیسی كاپیتاڵ ھێل رەوشی بەھێزكردنی ئەمنییەتی خۆی بپارێزێت تا وەكو چارەسەری ئەو كەلێنانە دەكەین".
گوتیشی: "دەزگاكانی جێبەجێكردنی یاسا ھێشتا نیگەرانن لە مەزندەی ئەگەری ھێرشەكان لە لایەن ئەو میلیشیایانەی ھەڵیانكوتایە سەر بارەگای كاپیتاڵ ھێل لە مانگی رابردوو، كە ویستیان بەو ھێرشە نامەیەكی رەمزی ئاراستەی گەل و بەرپرسانی كاری یاسادانان بكەن". روونیشیكردەوە "گرتنەبەری ئەو رێكارانە بە شێوەیەك بەردەوام نابێت، بەڵكو بە قەد پێویستی ئەو دۆخەی ئێستا دەبێت".
بڕیارە بایدن گوتارێك، وەك گوتاری حاڵەتی یەكگرتن، لە دانیشتنێكی ھاوبەشی كۆنگرێسدا پێشكەش بكات، دوای پەسندكردنی بەرنامەی فریاكەوتنی تایبەت بە پەتای كۆرۆنا".
سەرچاوە: RT