بە بۆمبی زیرەك.. واشنتن وەڵامی ئەنجامدەرانی ھێرشەكەی سەر ھەولێر دەداتەوە

"نامەی ئێمە ئەمەیە: چاو لە ھێرشی ملیشیاكانی ئێران ناتروكێنین"

K24 – ھەولێر:

دەزگاكانی راگەیاندنی ئەمەریكا، ئەمڕۆ ھەینی 26/2/2021 رایانگەیاند، بە بۆمبی زیرەك چەند پێگەیەكی میلیشیاكان لە سووریا لە سەر سنووری عێراق كراونەتە ئامانجی ھێرشە ئاسمانییەكانی ھێزەكانی ئەمەریكا؛ وەك وەڵامدانەوەی ھێرشەكانی ئەم دواییەی میلیشیاكان لە عێراق.

بەپێی دەزگا راگەیاندنەكانی ئەمەریكا، "ئەو وردەكاریانەی بەرپرسانی ئەمەریكا و رۆژنامە ئەمەریكاییەكان ئاشكرایانكردووە، ئاماژە بەوە دەكەن وەڵامدانەوه‌كەی ئیدارەی نوێی ئەمەریكا لێكۆڵینەوەی لێكرابوو بۆ بەرپەرچدانەوەی ھێرشە مووشەكییەكانی ئەم دوایییەی دژ بە ھێزەكانی ئەمەریكا و ھێزەكانی ھاوپەیمانان لە عێراق ئەنجامدران". گوتیشی: "ھێرشەكە حەوت پێگەی كردە ئامانج و لە ھێرشەكەدا بۆمبی زیرەك بەكارھێنران، كە ھەر بۆمبێكیان 250 كیلۆگرام تەقەمەنی لەخۆ گرتبوو".

روونیشیكردەوە، "ھێرشە ئاسمانییەكان لە كاتژمێر11ی شەو بەكاتی گرینیچ ئەنجامدران".

گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا (پێنتاگۆن) جۆن كێربی جەختیكردەوە، سوپای ئەمەریكا بە بڕیاری سەرۆكی ئەمەریكا، جۆ بایدن، دوێنێ پێنجشەممە، ھێرشی ئاسمانی كردووەتە سەر ژێرخانێك كە "گرووپە چەكدارەكانی سەر بە ئێران" بەكاریان دەھێنا لە رۆژھەڵاتی سووریا.

گوتیشی: "گورزەكان ژمارەیەك بنكەی لە خاڵێكی سنووری وێران كرد، كە ژمارەیەك لە گرووپە چەكدارەكانی سەر بە ئێران بەكاریان دەھێنا، لەوانەش كەتیبەكانی حزبوڵڵا و كەتیبەكانی سەیدولشوھەدا".

وەزیری بەرگری ئەمەریكا، لوید ئۆستن لە چەند لێدوانێكدا لە دوای ئەنجامدانی ھێرشە ئاسمانییەكان جەختیكردەوە لەوەی "ئامانجی درووست پێكێراوە" و گوتیشی: "ئێمە لەو بڕوایەداین ئەو ئامانجەی لە سووریا كرایە ئامانج لە لایەن گروپەكانی ئەنجامدەری ھێرشە مووشەكییەكان لە عێراقدا بەكاردەھێنران".

ئەو بەرپرسە ئەمەریكاییە بە دەزگاكانی راگەیاندنی گوت: "نامەی ئێمە ئەمەیە: چاو لە ھێرشەكانی ملیشیاكانی ئێران ناتروكێنین".

نیۆیۆرك تایمز لە بەرپرسانی ئەمەریكایی گواستووەتەوە، گوتویانە: "ئەو گورزانەی ئەم دواییە، كاردانەوەیەكی زۆر بچووكن و خۆیان لە ھاویشتنی بۆمبێكدا بینیوەتەوە بۆ سەر گروپێكی بچووك لە بیناكانی سەر سنووری سووریا - عێراق، كە بەكاردەھێنرا بۆ دەربازبوونی چەكدارانی میلشیاكان و دەربازكردنی چەك لە ناوەوە و دەره‌وەی وڵات".

بەپێی رۆژنامەكە، "ئەو گورزانە بۆیە ئەنجامدران بۆ خۆدوورخستنەوە لە كاردانەوەی دیپلۆماسی حكومەتی عێراقەوە".

بەرپرسان گوتیان: "پێنتاگۆن كۆمەڵە ئامانجێكی گەورەتری خستبووە پێش سەرۆكی ئەمەریكا، بەڵام بایدن تەنھا گلۆپی سەوزی بۆ جێبەجێكردنی بچووكترین ئامانجەكانی هه‌ڵكرد".

نیویۆرك تایمز بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، "ئیدارەی ئەمەریكا وەڵامدانەوەیەكی لێكۆڵینەوە لەسەركراوی گرتەبەر دژ بە ھێرشە مووشەكییەكەی سەر ھەولێر".

بەڕێوبەری روانگەی سووریا بۆ مافەكانی مرۆڤ، رامی عەبدولڕەحمان بە فرانس پرێسی راگەیاند، ھێرشە ئاسمانییەكەی ئەمەریكا دەروازەیەكی نایاسایی لە باشووری "ئەلبوكەمال"ی كردووەتە ئامانج و لە ئەنجامدا "3 بارھەڵگری چەك و تەقەمەنی وێران كران، كە لە عێراقەوە دەچوونە ناو خاكی سووریا"، گوتیشی: "ژمارەیەكی زۆر لە كوژراوان ھەیە و زانیارییە سەرەتاییەكان ئاماژە بە كوژرانی بەلای كەمەوە 17 كەس لە چەكدارانی عێراقی لە حەشدی شەعبی دەكەن".