هێرشەکەی کارگەی گازی تاجی چەندین "کوژراو و برینداری" لێکەوتەوە
وەزارەتی نەوت: "رووداوەکە هیچ کاریگەریی نابێ لەسەر پرۆسەی دابینکردنی گازی شل بۆ کارگەکان و هاوڵاتییان"
K24-هەولێر
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند هێرشەکەی ئەمڕۆ یەکشەممە بۆ سەر کارگەی گاز لە ناوچەی تاجی لە بەغدا 9 کوژراو و برینداری لێکەوتەوە و هێزە ئەمنییەکان ئەو شەش خۆکوژەیان کوشت کە هێرشەکەیان ئەنجامدا.
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق عەمید سەعد معەن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ لە بەغدا گوتی: "شەش خۆکوژ بەیانی ئەمڕۆ هەوڵیان دا بچنە نێو کارگەیەکی گاز لە باکووری بەغدا، دوابەدوای تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلێک کە بووە هۆی کوژرانی پاسەوانێکی کارگەکە و سێ ئەندامی هێزەکانی سەحوە و برینداربوونی دوو ئەندامی سەحوە و سێ کادری پۆلیسی فیدڕاڵ".
عەمید سەعد معەن گوتیشی: "شەش خۆکوژەکە دوای گەمارۆدانیان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە نزیکی ئەمباری یەکەم خۆیان تەقاندەوە و ئێستا هێزە ئەمنییەکان ناوچەکەیان تەواو کۆنتڕۆڵ کردووە".
هاوکات لە لێدوانێکدا کە لە سایتی فەرمیی وەزارەتە بڵاوکراوەتەوە، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری پیشەسازیی گاز دکتۆر حامد یونس رایگەیاند: "کارگەی گازی تاجی بەیانی ئەمڕۆ رووبەڕووی رووداوێکی تیرۆریستی بوویەوە و بووە هۆی ئاگر کەوتنەوە، بەڵام تیمەکانی ئاگر کوژێنەوە توانیان لە ماوەیەکی کورتدا ئاگرەکە بکوژێننەوە".
بەرپرسەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق گوتیشی: "رووداوەکە هیچ کاریگەریی نابێ لەسەر پرۆسەی دابینکردنی گازی شل بۆ کارگەکان و هاوڵاتییان".
ئەمە لە کاتێکدایە هەفتەی رابردوو سێ تەقینەوە بەهێز سێ ناوچەی پایتەختی عێراقیان کردە ئامانجج و بوونە هۆی کوژرانی دەیان کەس و برینداربوونی سەدانی دیکە، هاوکات رێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانی ئەو تەقینەوانە راگەیاند.
ئا: ئا ، ف