پێنتاگۆن پاشگەز دەبێتەوە لە لێدوانەكانی لە بارەی رۆڵی عێراق لە ھێرشەكەی ئەمەریكا بۆ سەر گرووپە چەكدارەكان
جۆن كێربی: ئێمە زانیارییەكانی عێراقمان بۆ دەستنیشانكردنی ھێرشەكانی ئەو شەوە بەكار نەھێناوە
K24 – ھەولێر:
وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا "پێنتاگۆن" لە لێدوانەكانی لە بارەی رۆڵی عێراق لە ھێرشەكەی ئەمەریكا بۆ سەر پێگەكانی گرووپە چەكدارەكانی عێراق لە سووریا پاشگەز بوویەوە.
گوتەبێژ بەناوی پێنتاگۆن، جۆن كێربی لە چریكەیهكدا لەسەر تویتەر گوتی: "حكومەتی عێراق لە رۆژانی رابردوو لێكۆڵینەوەی لەو لایەنانە كردووه، كە لەسەر خاكەكەی ھێرشی مووشەكییان دژ بە ئەمەریكاییەكان ئەنجامداوە، بەڵام ئێمە زانیارییەكانی عێراقمان بۆ دەستنیشانكردنی ھێرشەكانی ئەو شەوە بەكار نەھێناوە".
وەزارەتی بەرگری عێراق، ھەینی رابردوو رایگەیاند، عێراق پێش ھێرشە ئاسمانییەكەی ئەمەریكا بۆ سەر رۆژھەڵاتی سووریا، ھیچ زانیارییەكی ھەواڵگریی نەداوەتە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی. سەرسوڕمانی خۆیشی لە لێدوانەكانی وەزیری بەرگری ئەمەریكا، لۆید ئۆستن دەربڕی لەبارەی بەدەستھێنانی زانیاری ھەواڵگری ئاڵوگۆڕكراو لەگەڵ عێراق پێش ئەنجامدانی ھێرشە ئاسمانییەكەی ئەمەریكا بۆ سەر پێگەكانی گرووپە چەكدارەكان لە ناو خاكی سووریا.
ئۆستن گوتبووی: واشنتن ھانی عێراقی داوە بۆ لێكۆڵینەوە و پێدانی زانیاری ھەواڵگری بە ئەمەریكا و ئەوەش زۆر گرنگ بووە بۆ دەستنیشانكردنی ئامانج.