لە زیقار خۆپیشاندانەكان بەردوامن و پێكدادان لەگەڵ ھێزەكانی ئەمنی روویدا و قوربانی دیكەی لێكەوتەوە
ئەمڕۆ لە ئەنجامی پێكدادانەكاندا 35 كەس بریندار بوون و 15 كەس لەو بریندارانە سەر بە ھێزەكانی ئەمنی عێراقن
K24 – ھەولێر:
دوای رۆژێكی خوێناوی، كە تێیدا زیاتر 190 كوژراو و برینداری لێكەوتەوە لە پارێزگای زیقار لە باشووری عێراق جارێكی دیكە گرژیییەكان سەریانھەڵدایەوە و خۆپیشاندانەكان چەند پارێزگایەكی دیكەی عێراقی گرتەوە.
ئەمڕۆ دوای نیوەڕۆ لە زیقار خۆپیشاندەران ناڕەزاییەكانی خۆیان نوێ كردووە و شەقام و پردەكانیان داخست و دامەزراندنی سەرۆكی دەزگای ئەمنی نیشتیمانی، "عەبدوڵغەنی" ئەلئەسەدی وەك پارێزگار زیقار لە شوێنی "نازم ئەلوائلی"یان رەتكردەوە.
ھەروەھا پاریزگاكانی دیوانی، واست و كەربەلا خۆپیشاندانیان بەخۆیەوە بینی وەك پشتیوانیكردن لە خۆپیشاندەرانی پارێزگای زیقار و دواتریش ئاگری خۆپیشاندانەكان گەیشتە بەغدا و لە گۆڕەپانی عەدەن لە باكووری بەغدا خۆپیشاندەران پشتوانی خۆیان بۆ خۆپیشاندەرانی زیقار دەربڕی.

وێڕای رێگركردنیان لە لایەن ھێزەكانی ئەمنییەوە خۆپیشاندەران بەرەو بارەگای پارێزگا رۆیشتن و پێكدادان لە نێوانی ھەردوولادا روویدا و ھێزەكانی ئەمنی تەقەیان لە خۆپیشاندەران كرد لە بەردەم پارێزگا و لەسەر پردی نەسر لە ناوەندی ناسرییە. لە ئەنجامی پێكدادانەكاندا 35 كەس بریندار بوون و 15 كەس لەو بریندارانە سەر بە ھێزەكانی ئەمنی عێراقن.

وەك پشتیوانی لە خۆپیشاندەرانی زیقار، خۆپیشاندەرانی بابل رێگا سەرەكییەكانی پارێزگایان داخست و دواتر دەستیان بەسەر بینای پارێزگادا گرت و ھەوڵی دەركردنی پارێزگاری بابل، حەسەن مەندیل دەدەن.
دوای ئەوەی خۆپیشاندەران دوایانكرد پارێزگاری پێشوو نازم ئەلوائلی لە پۆستەكەی لابدرێت مستەفا كازمی، سەرۆكی حكومەتی عێراق دوێنی سەرۆكی ئەمنی نیشتیمانی، عەبدولغەنی ئەلئەسەدی وەك پارێزگاری زیقار دامەزراند. بەڵام تا ئێستا ناڕەزییەكان بەردەوامن و خۆپیشاندەران قەبووڵی "ئەلئەسەدی"یش ناكەن.

