ھۆشداری دەدرێت لە بە ئامانجكردنێكی نوێی حەشدی شەعبی لە ئەنبار لەلایەن ئەمەریكاوە

K24 – ھەولێر:

سەرچاوەیەكی باڵای ئەمنی لە ئەنبار ھۆشداریدا لە پلانێكی ئەمەریكا بۆ بەئامانجكردنی بارەگاكانی حەشدی شەعبی لە ناوچە جیاجیاكانی شارەكانی پارێزگاكە.

سەرچاوەكە بە ئاژانسی "المعلومة"ی راگەیاندووە، "ھێزەكانی وشكایی و ئاسمانی ئەمەریكایی دەرچوونی ھێزەكانیان زیادكردووە لەو ناوچانەی بارەگاكانی حەشدی شەعبیی تێدایە و جەختیكردەوە لەسەر ھەبوونی زانیاری دزەپێكراو، كە ئاماژە دەكەن بە نیازی فڕۆكەوانی ئەمەریكا بۆ بۆردومانكردنی بارەگاكانی حەشدی شەعبی.

گوتیشی: "فڕۆكە شەڕكەرەكانی ئەمەریكا چەندین ئۆپەراسیۆنی رووپێوی ئاسمانیان ئەنجامداوە و ناوچەكانی نێوان ناحیەی ئەلڕەحالییە بەرەو سنووری پارێزگای "كەربەلا"یان كردووەتە ئامانج، كە ھێزەكانی حەشدی شەعبی بەناوی پاراستنی ئەمنی ئەو ناوچانەلەو ناوچانە ھەنە".

گوتیشی: "زیادبوونی ئۆپەراسیۆنەكانی رووپێوی ئاسمانی لەلایەن فڕۆكەوانی جەنگی ئەمەریكایی، كە بەسەر زۆربەی شارەكانی ئەنباردا دەسووڕێنەوە بەتایبەتی رۆژئاواییەكان، نیشانەی زۆر پرسیار دەورۆژێنن لە میانی نەبوونی فڕینەكانی فڕۆكەوانی سوپا و ھێزە ئاسمانییەكانی عێراقی، كە تەنھا ئۆپەراسیۆن جەنگی سنووردار ئەنجامدەدەن".

پێشتریش سەرچاوەیەكی ئەمنی رایگەیاندبوو، فڕۆكەوانیی ئەمەریكا ئۆپەراسیۆنەكانی رووپێوی ئاسمانیان لە تەواوی شارەكانی ئەنبار زیادكردووە بەبێ ئەوەی ھۆكارەكان بزانرێن.