سیخوڕێكی CIA: ئێمه ماندێلامان ده‌ستگیركرد
ورده‌كاری ده‌ستگیركردنه‌كه باس ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
سیخوڕێكی پێشووی ئاژانسی هه‌واڵگری ناوه‌ندی ئه‌مه‌ریكی (CIA) ئاشكرای ده‌كات، ئه‌وان رۆڵی سه‌ره‌كییان له ده‌ستگیركردنی نیلسۆن ماندێلا، سه‌رۆكی كۆچكردووی ئه‌فه‌ریقای باشووردا هه‌بووه.
نیلسۆن ماندێلا، له ساڵی 1962، له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی باشووری ئه‌فریقا ده‌ستگیركرا و له ساڵی 1990 ئازادكرا و راسته‌وخۆ بوو به سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته، به‌هۆی خه‌بات و تێكۆشانی له پێناو مافی گه‌له‌كه‌ی، بووه‌ته سیمبولێك بۆ خه‌باتی مه‌ده‌نی و ئازادی مافه‌كانی مرۆڤ.
رۆژنامه‌ی "سه‌نده‌ی تایمز" له راپۆرتێكدا، ئه‌و زانیارییانه‌ی له زاری دۆناڵد ریكارد، كۆنسوڵی پێشتری شاری دیربانی باشووری ئه‌فه‌ریقا و سیخوڕی "سی ئای ئه‌ی" گواستووه‌ته‌وه، كه بۆ جۆن ئیرڤین-ی ده‌رهێنه‌ری به‌ریتانی باسكردووه.
فیلمه نوێیه‌كه‌ی ئیرڤین به‌ناوی "چه‌كی ماندێلا – Mandela's Gun"، له‌م هه‌فته‌یه‌دا له فێستیڤاڵی كان نمایش ده‌كرێت و فیلمه باس له‌و كاتانه‌ی ژیانی ماندێلا ده‌كات، كه له به‌ندیخانه‌دا به‌سه‌ری بردووه.
ماندێلا له ساڵی 1990 ئازادكرا، دواتر له ساڵی 1994 تا 1999، بوو به سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته و له ته‌مه‌نی 95 ساڵیدا، له ساڵی 2013دا كۆچی دوایی كرد.
ریكارد باس له‌وه ده‌كات، ئه‌وان زانیاری‌یان له‌سه‌ر شوێنه‌كه‌ی ماندێلا هه‌بوو و له‌كاتی هاتووچۆی نێوان شاره‌كانی دێربان و جۆهانسبۆرگ ده‌ستگیركراوه، به‌ڵام ئاماژه‌ی به‌وه نه‌كردووه، چۆن ئه‌و زانیارییانه‌یان ده‌ستكه‌وتووه.
ریكارد ده‌ڵێت: "ماندێڵا له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت بوو، هه‌روه‌ها ده‌یتوانی شه‌ڕ له باشووری ئه‌فریقا هه‌ڵبگیرسێنێت، ئه‌وه‌ش ئه‌مه‌ریكای ناچاركرد ده‌ست له كاره‌كه‌دا وه‌ربدات".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "ئێمه له‌سه‌ر دووڕیانێك بووین، ده‌بوایه بجووڵێین و كارێك بۆ راگرتنی ماندێلا بكه‌ین، ئه‌وه‌شمان كرد".
ریكارد، مانگی ئادار/ مارسی ئه‌مساڵ كۆچی دوایی كرد، به‌ڵام ئه‌و ده‌رهێنه‌ره به‌ریتانییه به‌ر له‌و مێژووه سهردانیكردووه و زانیارییه‌كانی لێوه‌رگرتووه، به گوێره‌ی زانیارییه‌كانیش ریكارد تا ساڵی 1987، وه‌ك سیخوڕ له‌گه‌ڵ (سی ئای ئه‌ی) كاریكردووه.