پەیامی نێچیرڤان بارزانی ده‌رباره‌ى پەسەندكردنی یاسای ئافرەتانی رزگاربووی ئێزدی

ئەوە هەنگاو و دەستپێكێكی گرنگە بۆ قەرەبووكردنەوەی خوشك و برایانی ئێزدیمان و دڵنیاییدان لە بایەخدان بە پاراستن و ژیانیان

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان
نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان

K24 – هه‌ولێر:

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌یامێكدا رایگه‌یاند، بەبۆنەی پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای ئافرەتانی رزگاربووی ئێزدييه‌وه‌ له‌ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، سوپاسی هەموو فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی عێراق دەكەم. ئەوە هەنگاو و دەستپێكێكی گرنگە بۆ قەرەبووكردنەوەی خوشك و برایانی ئێزدیمان و دڵنیاییدان لە بایەخدان بە پاراستن و ژیانیان.

له‌ په‌یامه‌كه‌دا، كه‌ سایتی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، هاتووه‌: "داوا دەكەین بە شێوەیەكی خێرا ده‌ست بە جێبەجێكردنی هەموو خاڵەكانی ناو یاساكە بكرێت، چونكە بارودۆخی هەموو ئافرەتە رزگاربووە ئێزدییەكانمان و منداڵ و خێزانەكانیان پێویستی بە هاوكاريی خێرا و هەمەلایەنەیه"‌.

هه‌روه‌ها هاتووه‌: "خوشك و برایانی ئێزدی دووچاری كۆمەڵكوژییەكی زۆر گەورە و وەحشیگەرییەكی زۆر بوون بە رفاندنی ئافرەتان و منداڵانیان و كۆمەڵكوژكردنی پیاوەكانیان، سەرەڕای وێرانبوونی زۆربەی دەڤەری شنگال و دەربەدەربوونی زۆربەی خەڵكی ئێزدی كە بێگومان ئەوەش پێویستی بە ئاوڕدانەوە و بڕیاری زیاترە بۆ ئەوەی هەموو ئێزدی دڵنیا بن كە دەتوانن بە دڵنیاییەوە بگەڕێنەوە ناوچەكانیان و دەستی ئاوەدانكردنەوە و دابینكردنی خزمەتگوزارییەكان دەگاتە ناوچەكەیان، هەنگاوی گرنگیش بۆ ئەو مەبەستە جێبەجێكردنی هەموو خاڵەكانی رێككەوتننامەی شنگالە".

له‌ كۆتایی په‌یامه‌كه‌دا هاتووه‌: "ئێمە لە رێگەی نووسینگەی رزگاركردنی رفێندراوانى ئێزدييه‌وه‌ توانیومانە تا ئێستا (3,545) ئافرەت و پیاو و منداڵی ئێزدی رزگار بكەین، خوشك و برايانى ئێزدى دڵنيا ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ وەك ئەركی خۆمان بە هەموو شێوەیەك بەردەوام دەبین بۆ رزگاركردن و ئاشكرابوونى چاره‌نووسى ئەو (2,768) ئێزدیەی تا ئێستاش ونن".