لۆدریان: توركیا وازی لە سووكایەتیكردن بە ئێمە ھێناوە بەڵام پێویستیمان بە كردەی راستەقینەیە
"پێویستیمان بە كردە ھەیە، ئەو كاتەی ئەو كردانە جێبەجێكران ئێمەش دەتوانین ھەڵوێست وەرگرین، تاكو ئێستا تەنھا قسەن"
K24 – ھەولێر:
پاریس جەختیكردەوە لەوەی توركیا وازی لە سووكایەتیكردن بە فەرەنسا و یەكێتی ئەوروپا ھێناوە و ھەندێك دڵنیایی داوە، بەڵام پەیوەدنییەكان ھەر لەرزۆك دەمێننەوە تا ئەو كاتەی ئەنقەرە كاری راستەقینە دەكات.
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، جان ئێف لۆدریان لە میانی دانیشتنێكی پەرلەماندا، دوێنێ سێشەممە گوتی: "ئێستا سووكایەتیكردن نەماوە و زمانیان ھەندێك دڵنیاترە"، گوتیشی: دوورخستنەوەی كەشتییەكانی كنە و پشكنین لە ئاوەكانی قوبرس لە رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاست و پیشاندانی ئەنقەرە بۆ نیازی خۆی لە دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان لەگەڵ یۆنان سەبارەت بە ململانێی درێژخایەنی دەریایی لە نێوانیاندا، ھەندێك ئاماژەی ئەرێنینە".
وەزیری دەرەوە فەرەنسا ئاماژەیكرد، پەیوەندییەكان "لەرزۆكن؛ چونكە لیستی ناكۆكییەكان زۆر دوور و درێژە، بەڵام ئێمە پەیوەندییەكی تەندرووستمان لەگەڵ توركیا دەوێت". وەك ئاماژەیەك بۆ ئەو ناكۆكییانەی ھەیانە لەگەڵ توركیا سەبارەت بە لیبیا، عێراق و ھەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباخ. لۆدریان گوتی: "پێویستیمان بە كردە ھەیە، ئەو كاتەی ئەو كردانە جێبەجێكران ئێمەش دەتوانین ھەڵوێست وەرگرین، تاكو ئێستا تەنھا قسەن".
ئەنقەرە و پاریس چەندین جار رەخنەی توند و گاڵتەجاڕیانەیان ئاراستەی یەكتر كردووە بەھۆی سیاسەتەكانی توركیا لە سووریا، لیبیا، رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاست و چەندین پرسی دیكە، بەڵام ئەو دوو وڵاتەی ئەندام لە پەیمانی باكووری ئەتلەسی لە شوباتی رابردوو گوتیان: ھەردووكیان كار لەسەر نەخشە رێگایەك دەكەن بۆ گەڕاندنەوەی پەیوەندییەكان بۆ سەر سرووشتی خۆی.
لە چوارچێوەی ئەو ھەوڵانەدا سەرۆكی توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان دوێنی سێشەممە، لەگەڵ سەرۆكی فەرەنسا، ئیمانوێل ماكرۆن قسەیكرد، ئەردۆغان گوتی: ھەردوو وڵات دەتوانن بەشداری گرنگیان ھەبێت لە ھەوڵەكانی ئەمن و سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەیەكی جوگرافی بەرفراواندا.
سەرچاوە: رۆیتەرز