ڤیدیۆیەکی 10 چرکەیی بە شەش ملیۆن و 600 هەزار دۆلار فرۆشرا

بازرگانییەکی نوێ لە رێگای ئینتەرنێت پەرەدەسەنێت

دیمەنێکی ئەو کارە هونەرییەی بە زیاد لە شەش ملیۆن دۆلار فرۆشرا
دیمەنێکی ئەو کارە هونەرییەی بە زیاد لە شەش ملیۆن دۆلار فرۆشرا

K24- هەولێر:

لە تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، ڤیدیۆییەکی هونەری کە تەنها 10 چرکەیە، تێیدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، راکشاوە و لەشی هەمووی بە دروشم نەخشێنراوە، لە لایەن کەسێک بەناوی پابلۆ رۆدریگێز بە 67 هەزار دۆلار کڕدرا.

هەفتەی پێشوو، پابلۆ ئەو ڤیدیۆیەی بە شەش ملیۆن و 600 هەزار دۆلار فرۆشت.

ڤیدیۆکە لە لایەن مایکڵ ویکڵمان دروستکراوە لە رێگای non-fungible token (NFT) فرۆشراوە کە دراوێکی گرافیکییە cryptographic، جۆرێک لە واژۆی دیجیتاڵی هەیە کە خاوەندارێتییەکەی دەداتە ئەو کەسەی دەیکڕێت. ئەم جۆرە کاڵا دیجیتاڵییە، کاری هونەری و کارتی وەرزشی تا دەگاتە کڕینی پارچەیەک زەوی دیجیتاڵی لە خۆ دەگرێت. زۆرێک لە وەبەرهێنەر و سەرمایەداران روویان تێکردووە و بەهاکەی زۆر بەرزبووەتەوە، بەڵام هەر جۆرە بازرگانییەکی نوێ دیکە، دەکرێت بەهاکەی بە ئاسانی گۆڕانی بەسەردا بێت.

یەکێتی نیشتمانی باسکەی ئەمەریکا، ئێن بی ئەی، لە ماڵپەڕی خۆیان بەشی جوانترین گۆڵەکان (تۆپ شات) لە رێگای ئێن ئێف تی دەفرۆشن. لە ماوەی پێنج مانگ، 100 هەزار کەس بوونە کڕیار و 200 ملیۆن دۆلاریش خرایە ناو کڕین و فرۆشتنی ڤیدیۆکان.

کڕیار هەیە لە ماوەی یەک هەفتە، 80 هەزار دۆلار قازانجی کردووە.

ئێن ئێف تی وەکو دراوێکی دیجیتاڵی کار دەکات، بەڵام هاوشێوە بیتکۆین مامەڵەی پێوەناکرێت، بەڵکو تەنها بە ئۆنڵاین هەیە و دەتکاتە خاوەنی دروستکراوێکی دیجیتاڵی جا ئەو دروسکراوە کاری هونەری، ڤیدیۆ، فۆتۆ یان هەر دروستکراوێکی دیکەی دیجیتاڵی بێت.