ھەڵمەتی كوتان بە ڤاكسینی كۆرۆنا لە ھەرێمی كوردستان دەستیپێكرد

لە سەرەتادا بۆ پزیشك و كارمەندانی تەندروستی بەكاردەھێنرێت
بەكارھێنانی یەكەم ڤاكسین لە ھەولێر بۆ گۆران عوسمان بایز - كارمەندی تەندروستی - فۆتۆ: رێباز سیان
بەكارھێنانی یەكەم ڤاكسین لە ھەولێر بۆ گۆران عوسمان بایز - كارمەندی تەندروستی - فۆتۆ: رێباز سیان

K24 – ھەولێر

ئەمڕۆ پێنجشەممە 4/3/2021، ھەڵمەتی كوتان بە ڤاكسینی كۆرۆنا لە ھەرێمی كوردستان دەستیپێكرد، لە سەرەتاشدا ڤاكسین بۆ پزیشك و كارمەندانی تەندروستی بەكاردەھێنرێت. 

گۆران عوسمان بایز، كارمەندی تەندروستی وەك یەكەم كەس ڤاكسینی كۆرۆنای پێدرا، لە لێدوانێكیدا بۆ كوردستان24 گوتی: "ھەست بە خۆشی دەكەم، كە وەك یەكەم كەس ڤاكسینی كۆرۆنام وەرگرت. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ چەند مانگ پێش ئێستا دڵمان بەوە خۆشبوو كە لە ھەر شوێنێك دەیانگوت ڤاكسینی كۆرۆنا دۆزراوەتەوە، ئێستا كە گەیشتووەتە كوردستان و بەكارمھێناوە ھەست بە خۆشی زۆر دەكەم، ھیواخوازم ھەموو كەس لە كوردستان بەری بكەوێت و بەكاری بێنن، بەو ئومێدەی لەو پەتایە رزگارمان بێت".

لەبارەی ئەو كەسانەی لەسەرەتادا ڤاكسینی كۆرۆنایان پێدەدرێت، د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بە كوردستان24ی راگەیاند: "بەپێی رێنماییەكان لە سەرەتادا پزیشك و كارمەندانی تەندروستی ڤاكسین وەردەگرن، دواتر پێشمەرگە و ھێزە ئەمنییەكان".

گوتیشی: "ئێستا ژمارەی تووشبوون بە كۆرۆنا لە زیادبوون دایە و دەستپێكی تەشەنە كردنە، ھیوادارین ھاووڵاتییان خۆیان بپارێزن بۆ ئەوەی بڵاوبوونەوەی لەوە زیاتر خێراتر نەبێت".

رۆژی 2/3/2021 كاروانی یەكەمی ڤاكسینی سینۆفارمی چینی گەیشته‌ ھەرێمی كوردستان، كە 5 ھەزار پێكوتەیە، لەسەر بنەمای بەشی پێداویستی تەندروستی پارێزگاكان، وەزارەتی تەندروستی بڕەكە بەسەر سەرجەم شارەكانی ھەرێمی كوردستان دابەش دەكات.

بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی تائێستا 109 ھەزار و 587 كەس لە ھەرێمی كوردستان تووشی كۆرۆنا بوونە و 3 ھەزار و 525 كەس بە ڤایرۆسەكە گیانیان لەدەستداوە.