بەھای لیرەی توركی زیاتر دابەزی
توركیا رێژەی سوود جارێكی دیكە بەرزدەكاتەوە

K24 - ھەولێر
لیرەی توركی جارێكی دیكە بەرامبەر بە دۆلاری ئەمەریكی بههای لهدهستدا.
لە دوایین مامەڵەكانی دراودا، لیرەی توركی جارێكی دیكە بەرامبەر بە دۆلار داكەوتنی تۆماركرد، بەجۆرێك بەرێژەی 1.5% داكەوتووە و ھەر دۆلارێك یەكسانە بە 7 لیرە و 45 قوروش، كە ئەوەش ھاوكاتە لەگەڵ ئەو قازانجەی دۆلار لە بازاڕەكانی دیكەی جیھان بەدەستیدەھێنێت.
داكەوتنی بەھای لیرەی توركی لە كاتێكدایە وەبەرھێبەران ھەڵسەنگاندن بۆ ئەو داتایانە دەكەن، كە لە ماوەی مانگی رابردوودا بەرزبوونەوەی ھەڵاوسانی بەرێژەی زیاتر لە 15% دەردەخات.
لەلایەكی دیكەوە و پەیوەست بە ئابووری توركیا، بەرزبوونەوەی ھەڵاوسان لەو وڵاتە بووهته ھۆكار بههای سوود زیاتر بكرێت.
ئاژانسی بلوومبێرگ لە راپۆرتێكیدا ئاماژەدەدات، بەھۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و كاریگەرییە بەردەوامەكانی لەسەر لاوازبوونی ئەدای ئابووری لە ساڵی رابردوودا ، بووەته ھۆكار له مانگی رابردوو رێژەی ھەڵاوسان لە توركیا بۆ 5 مانگی لەسەر یەك زۆر بە خێرا بەرزبێتەوە، ئەوەش پێشبینییەكانی بانكی ناوەندی زیاتر كرد، بەوەی ھەوڵدەدات لە رێگەی بەرزكردنەوەی رێژەی سوود ، كۆنترۆڵی رێژەی ھەڵاوسان بكات..
جەختیكردەوە ، ئاڕاستەی بەرزبوونەوە لە ھەڵاوساندا، دەبێتە ھۆكاری زیادبوونی سوودی قەرز بەر لە كۆتاییەكانی مانگی حوزەیران.
ئەوەش لە كاتێكدایە مانگی تشرینی دووەم و ھەر لەگەڵ دەستبەكاربوونی، ناجی ئیقبال پارێزگاری بانكی ناوەندی، نرخی سوودی بەبڕی 675 خاڵ بۆ 17% بەرزكردەوە، بهمهش متمانەی نێوان بانك و وەبەرھێنەران زیادكرد.