ناتۆ: لە سەر بانگھێشتی حكومەت لە عێراقین و ئەركمان راوێژكارییە

فەرماندەی ھێزەكانی پەیمانی باكووری ئەتڵەسی لە عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، جەختیكردەوە، لەوەی ھێزەكانی ناتۆ بە بانگھێشتی حكومەت لەسەر خاكی عێراقن.

ئایە ئەركی ناتۆ لە عێراق بەرفراوان دەكرێت؟
ئایە ئەركی ناتۆ لە عێراق بەرفراوان دەكرێت؟

K24 – ھەولێر:

فەرماندەی ھێزەكانی پەیمانی باكووری ئەتڵەسی لە عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، جەختیكردەوە، لەوەی ھێزەكانی ناتۆ بە بانگھێشتی حكومەت لەسەر خاكی عێراقن.

جەنەڕاڵ پیێر ئۆڵسن لە لێدوانێكیدا بۆ "العربیة" گوتی: ئەو ھێزانەمان لەگەڵ حكومەتی عێراق كار دەكەن لە پێناو ئاسایشی وڵات، ئەركەكانیشیمان لە سەر داوای فەرمیی حكومەتی عێراق نەبێت بەرفراوان ناكرێت.

روونیشیكردەوە ئەركی نێردەی ناتۆ لە عێراقدا شەڕكردن نییە، بەڵكو تەنھا پێشكەشكردنی راوێژی ئەمنی و سەربازییە بۆ وەزارەتی بەرگری و گوتی: "نێردەكەمان راوێژكارییە و ئێمە لە كردەوەكانی دژ بە داعش و كردەوەكانی دیكە مەشق و راھێنان پێشكەش ناكەین".

ئاماژەشیكرد، ھێشتا كاری بەرفراوانكردنی نێردەكە نەكراوە، ئەو كارە دوای داوای حكومەتی عێراق و رەزامەندی ئەو سی دەوڵەتەی ئەندام لە ناتۆدا دێت. جەختیشیكردەوە، "ئێمە رێز لە سەروەری عێراق دەگرین و لە چوارچێوەی حكومەتدا كار دەكەین.

راشیگەیاند، چالاكی ناتۆ تەنھا لە بەغدا ھەیە، لەوانەیە بەرفراوان بكرێت بەرەو ناوچەكانی دیكە؛ بەڵام ئەگەر حكومەتی عێراق داوابكات.

روونیشیكردەوە و گوتی: ئێمە لە سەربازگەیەك داین لە بەغدا و ھێزەكانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیشی تێدایە، بەڵام كاری ئێمە لەگەڵ ئەوان جیایە".

ھەروەھا ئاماژەیكرد، "لەو بڕوایەدا نییە ئەركی نێردەكە بگۆڕدرێت، بەڵكو تەنھا راوێژكاری دەبێت و پشتیوانی لە ئۆپەراسیۆنەكانی شەڕكردن ناكەن".

لەم ماوەی دواییدا، لە ناوخۆ و دەرەوەدا پرسی زیادكردنی ژمارەی ھێزەكانی ناتۆ لەو وڵاتە زۆر باس دەكرا و مانگی رابردوو ئەمینداری گشتی ناتۆ، يەنس ستۆڵتنبێرگ جەختیكردەوە لەوەی پەیمانی باكووری ئەتڵەسی بڕیاری بەرفراوانكردنی ئەركی مەشقپێكردنی ھێزەكانی عێراقیی دا و ژمارەی ھێزەكانی لە 500 زیاد دەكات بۆ 4000.

ھەروەھا ئەو كات روونیشیكردەوە،  ئەركی ناتۆ پەیتا پەیتا لە رووی جوگرافییەوە بەرفراوان دەكرێت.