واشنتن: ئێران دەرفەتێكی نوێی دەستكەوتووە بۆ سووكردنی مەترسییەكانی بەرنامە ئەتۆمییەكەی
K24 – ھەولێر:
ویلایەتە یەكگرتووەكان رایگەیاند، ئێران "دەرفەتتێكی نوێی دەستكەوتووە" لە لایەن ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بۆ كەمكردنەوە مەترسییەكانی لەمەڕ بەرنامە ئەتۆمییەكەی.
لایەنی ئەمەریكایی لە راگەیاندراوێكدا، كە ئاراستەی ئەنجوومەنی پارێزگارانی سەر بە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیی كراوە گوتی: بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسەكە "رافائێل گروسی"ی ئەرجەنتینی "دەرفەتێكی نوێی داوەتە ئێران بۆ جێێبەجێكردنی ھاریكاری پێویست" پێش ئەنجامدانی كۆبوونەوەی داھاتووی ئەنجوومەن".
راگەیاندراوەكە جەختیكردوە لەوەی واشنتن وەك ھەر ئەندامێكی دیكەی ئەنجوومەنی پارێزگارانی ئاژانسەكە ھەڵسەنگاندن دەكات بۆ ھەنگاوەكانی داھاتووی ئەنجوومەن "بەپێی ئەوەی ئایە ئێران ئەم دەرفەتەی پێش خۆی بەكاردەھێنێت بۆ چارەسەركردنی مەترسییەكانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بەشێوەیەكی كۆتایی و متمانەپێكراو".
ئەو راگەیاندراوە دوای ئەوە ھات ئاژانسی "رۆیتەرز" ھەواڵێكی بڵاوكردەوە، تێیدا ھاتبوو، ھەر یەك لە بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا، بڕیاریان دا واز لەپشتیوانی پلانێكی واشنتن بێنن بۆ دەرخستنی راگەیاندراوێك لە لایەن ئەنجوومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، كە سەركۆنەی ئێران بكات لەسەر بڕیاری كەمكردنەوەی ئاستی ھاریكاری لەگەڵ ئاژانسەكە.
ئاژانسەكە لە ھەندێك دیپلۆماتكاری گواستووەتەوە، كە جەختیانكردووەتەوە لەوەی گروسی بە ئەنجوومەنی پارێزگارانی راگەیاندووە، ئاژانسی نێودەوڵەتی پلان دادەڕێژێت بۆ ئەنجامدانی راوێژی تەكنیكی لەگەڵ ئێران لە نیسانی داھاتوودا.
سەرچاوە: رۆیتەرز