تێنسزانه‌ بریتانیاییه‌كه‌ بووه‌ پاڵه‌وانی تێنسی رۆما

تۆڵه‌ی خۆی له‌ جۆكۆڤیچ كردووه‌

ئاندی مارای تێنسزانی به‌ریتانیایی له‌ فیناڵی پاڵه‌اونییه‌تیی تێنسی رۆما سنوورێكی بۆ سه‌ركێشی و باڵاده‌ستی جۆكۆڤیچ دانا بووه‌ پاڵه‌وان.

مورای به‌ریتانی سه‌عاتێك و 36  خوله‌كی پێویست بوو بۆ ئه‌وه‌ی به‌ربه‌ستی نۆڤاك جۆكۆڤیچی سڕبی و یه‌كه‌می جیهان تێپه‌ڕێنێت، كه‌ به‌ر له‌ هه‌فته‌یه‌ك ناسناوی پاڵه‌وانییه‌تی مه‌دریدی له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌م تێنسزانه‌ له‌ده‌ستدا.

له‌ یارییه‌كه‌دا مورای به‌ ئاستێكی به‌رز به‌دیاركه‌وت و یارییه‌كه‌ی به‌ دوو سێتی هاوشێوه‌ به‌ ئه‌نجامی (6 ـ 3) برده‌وه‌.

به‌م ده‌سكه‌وته‌یش مورای ناسناوه‌كانی له‌ یاریگا لمینه‌كان بۆ دوو ناسناو به‌رزكرده‌وه‌، هه‌روه‌ها دوازده‌مین ناسناوی بوو له‌ پاڵه‌وانییه‌تیه‌ هه‌زار خاڵییه‌كان.

پاڵه‌وانییه‌تیی تێنسی رۆما، له‌ ساڵی 1902ـه‌وه‌ به‌ فه‌رمی به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، سه‌ره‌تا ئه‌م پاڵه‌وانییه‌تییه‌ له‌ شاری میلانۆ ئه‌نجام درا، به‌ڵام دواتر بۆ رۆمای پایته‌ختی ئیتاڵیا گواسترایه‌وه‌. له‌ پاڵه‌وانییه‌تیی رۆما بۆ هه‌ر ئاستێك 56 یاریزان به‌شداریی تێدا ده‌كه‌ن و 10 پۆلێنكراوه‌ یه‌كه‌مه‌مان له‌ قۆناخی دووه‌م به‌شداریی ده‌كه‌ن، ئه‌م پاڵه‌وانییه‌تییه‌ پێنجه‌مین پاڵه‌وانییه‌تیی زنجیره‌كانی ماسته‌رزه‌ و سێیه‌مین پاڵه‌وانییه‌تیی تێنسیه‌ كه‌ له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی گڵین یان (لمی سوور) به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.