هەرێمی کوردستان بووەتە پەناگەیەک بۆ کریستیانەکانی عێراق

کریستیانەکان: سەرکردەکانی ھەرێم رۆڵی بەرچاویان لە پێکەوەژیانی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان لە کوردستان هەبووە

نموونەیەكی پێكەوە ژیان لە ھەرێمی كوردستان
نموونەیەكی پێكەوە ژیان لە ھەرێمی كوردستان

K24 – ھەولێر:

دوای روخانی رژێمی بەعس، دۆخی کریستیانەکان بەرەو خراپی چووە و بە گوێرەی ئامارەکانیش لە 13 ساڵی رابردوودا نزیکەی ملیۆنێک کریستیان لە عێراق کۆچیان کردووە بۆ دەرەوەی وڵات.

لە ماوەی ساڵانی رابردوو پێچەوانەی ناوچەکانی عێراق، هەرێمی کوردستان بووەتە پەناگەیەک بۆ کریستیان و پێکهاتە جیاوازەکان و هەزاران کریستیانیش لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێ کراون.

کریستیانەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێن: سەرکردەکان رۆڵی بەرچاویان لە پێکەوەژیانی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان لە کوردستان هەبووە و بە ئازادی سرودە ئاینییەکانیان دەڵێنەوە.

مام کەریم سەبری ، موختاری گوندی سێجێ یە و یەكێكە لە كەسایەتییە مەسیحییەكانی قەزای سێمێل و لە نێو خەڵكدا خاوەن رێز و كەسایەتییەكی ناسراوە.

كەریم باس لە ئازادی و پێكەوە ژیانی كوردستان دەكات، بەبینینی ئەو كوردستان بووەتە لانكەی پێكەوەژیان، ئەم پێكەوە ژیانەش بۆ رۆڵی سەرۆك و رێبەرانی كورد دەگەڕێنێتەوە، كە بەردوام جەخت لە برایەتی و پێكەوە ژیان دەكەن.

برایەتی و پێكەوە ژیانی پێكھاتەكان و ئایین و ئایینزاكان لە ھەرێمی كوردستان، بووەتە نموونەیەكی باش لە پیشاندانی تابلۆیەكی جوانی پێكەوە ژیان، ئەمەش بووەتە جێگای سەرنجی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی، كە ھەردەم ھەرێمی كوردستان وەك نموونەیەكی سەركەوتووی پێكەوە ژیان لە قەڵەم دەدەن.

مامۆستایانی ئایینی ئیسلامیش، بەشێكی گرنگن لەو پێكەوە ژیانەی ھەیە، چونكە بەردەوام لە مینبەری مزگەوتەكانیان بۆ ئاشتی و ئازادی و لێبوردەییان بەكارھێناوە و بەردەوام جەخت لە برایەتی و خۆشەویستی نێوان ھاووڵاتیان دەكەنەوە بەبێ جیاوازی.

بەپێی ھەندێك ئامار، لە ماوەی 13 ساڵی رابردوودا، نزیكەی یەك ملیۆن كریستیان عێراقیان جێھێشتووە وچونەتە دەرەوەی وڵات.

بەدرێژایی مێژوو، كریستیان و پێكھاتەكانی دیكە، ھەرگیر لە عێراق ئارام نەبوونە، بەپێچەوانەی ھەرێمی كوردستان كە ھەردەم پەناگەیەكی ئارام بووە بۆ ھەموو پێكھاتەكان و ئایین و ئایینزاكان. لەسەر ئەم خاكە موسڵمان و كریستیان و ئێزدی و ھەموو پێكھاتە ئایینی و نەتەوەییەكان بە ئازادی و ئارامی بەیەكەوە ژیاون و بەیەكەوە دەژین، بۆیەش بەردەوام كریستیانەكانی عێراق روو لە ھەرێمی كوردستان دەكەن و وەك پەناگەیەك تەماشای دەكەن.