''پاسپۆرتی ڤایرۆس'' بەرهەمهێنرا

رەنگە ئیدی بۆ گەشتکردن زیاد لە پاسپۆرتێکت پێویست بێت

پاسپۆرت
پاسپۆرت

K24- هەولێر:

چین بڕوانامەی تەندروستی بۆ گەشتیارانی ناوخۆی وڵاتەکەی  کە بە''پاسپۆرتی ڤایرۆس'' ناسراوە بەرهەمهێنا.

بڕوانامەکە دیجیتاڵییە، زانیاری لەبارەی کوتانی کەسەکە و ئەنجامی پشکنینی ڤایرۆسەکانی تێدا تۆمار کراوە، ئێستا تەواوی هاووڵاتیانی چین دەتوانن ببنە خاوەنی ئەو بڕوانامەیە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لەو بارەوە رایگەیاندووە: "بڕوانامەکە بۆ باشترکردنی ئابووری جیهان و ئاسانکردنی گەشتی نێوان سنوورەکانە''.

یەکەمجارە لە جیهان، بڕوانامەیەکی لەو جۆرە دروست بکرێت. بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی فرانس پرێس، ئەمەریکا و بەریتانیا لە هەوڵی دروستکردنی بڕوانامەی هاوشێوەن.

یەکێتی ئەوروپاش خەریکی دروستکردنی بەڵگەنامەیەکە بە ناوی ''گرین پاس''، دەدرێتە ئەو کەسانەی ڤاکسینی کۆرۆنایان بەکارهێناوە، تاوەکو بتوانن لە ناو ئەوروپا و بۆ دەرەوەی ئەوروپا گەشت بکەن.

لەگەڵ ئەوەش، هەندێک کەس ترسی ئەوەیان هەیە، بڕوانامە دیجیتاڵییەکە لە چین، بۆ چاودێریکردنی هاووڵاتیان بەکاردێت.