سوننەکان هەڕەشەی بایکۆتکردنی حکوومەت ده‌كه‌ن

چەند مەرجێك دەخەنەڕوو

K24 - ھەولێر

ھاوپەیمانی كوتلە سوننەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ھەڕەشەی بایكۆتكردنی كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەكەن.

لە راگەیەنراوێکدا هاپەیمانی کوتلە سوننەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایانگەیاند: "ئەگەر بڕیارەكانی چاكسازی جێبەجێ نه‌کرێن ئەوا بەشداری لە كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا ناكەین و بایكۆتی كۆبوونەوەكان دەكەین".

لە بەشێكی دیكەی راگەیاندراوەكەدا سوننەکان داوا دەکەن، کۆتایی بە سیاسەتی گۆڕینی دیموگرافی لە ناوچەکانی باکووری بابل و بەغدا و دیالە بهێنرێت و رێگا بە گەڕانەوەی ئاوارەکان بدرێت و چارەنووسی 2 ھەزار و 200هاوڵاتیش ئاشكرا بكرێت، کە بەدەستی چەکدارانی حزبوڵڵا بێسه‌روشوێن کراون داواشیان كردووه‌، دەستبەجێ بڕە پارەی دیاریکراو بۆ ئاوارە سوننەکان خه‌رج بكرێت.

ئەمە لە كاتێكدا حەیدەرعەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بەرنامەی چاكسازی لە عێراقدا راگەیاندووە، بەڵام ئەو نەچووە بواری جێبەجێكردنەوە، راگەیاندنی چاكسازی عەبادی بارودۆخی عێراقی ئاڵۆزتر كرد، ژمارەیەك لە وەزیرانی عێراق بەشداری لە كۆبوونەوەكانی حكوومەت ناكەن و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش بەبێ نوێنەرانی كورد رێژەی یاسایی تەواو نابێت بۆ كۆبوونەوە.