سوپا ئۆپەراسیۆنی گرتنەوەی ناوچەیەکی بندەستی داعشی دەستپێکرد

"ئۆپەراسیۆنەکە لە سێ قۆڵەوە دەستیپێکردووە بۆ رزگارکردنی ناوچەیەکی ستراتیجی"

K24-هەولێر

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی جەزیرە لە رۆژئاوای عێراق عەلی ئیبراهیم دەبعوون رایگەیاند ئەمڕۆ دووشەممە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی شاری روتبە لە سێ قۆڵەوە دەستیپێکرد بە بەشداریی هێزە ئەمنییەکان و چەکدارانی هۆزەکان و حەشدی شەعبی و فڕۆکەکانی هاوپەیمانان.

عەلی ئیبراهیم دەبعوون بە چەند ناوەندێکی راگەیاندنی عێراقی گوت: "ئۆپەراسیۆنە سەربازییە فراوانەکە بەیانی ئەمڕۆ دەستیپێکرد بۆ رزگارکردنی شاری روتبە (نزیکەی 380 کم رۆژئاوای بەغدا) لە بندەستی رێکخراوی داعشی تیرۆریست و پرۆسەکە لە قۆڵەکانی رۆژئاوا و باشوور و رۆژهەڵاتی شارەکە دەستیپێکرد".

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی جەزیرە ئاماژەشی کرد: "هێزەکانی فیرقەی حەوتی سوپا و هێزەکانی دژە تیرۆر و پۆلیسی فیدڕاڵ و فەوجەکانی پۆلیسی ئامادە و پۆلیسی ئەنبار و چەکدارانی هۆزەکان و حەشدی شەعبی و فڕۆکەکانی هاوپەیمانان و هێزی ئاسمانیی لە ئۆپەراسیۆنەکە بەشدارن".

لە ناوەڕاستی ساڵی 2014 وە شاری شارۆچکەی روتبە کە سەر بە پارێزگای ئەنبارە لە رۆژئاوای عێراق کەوتووەتە بندەستی چەکدارانی داعشەوە و روتبە رێگەی سەرەکیی نێوان رۆژئاوای عێراق و وڵاتانی ئوردن و سووریا و سعوودییە یە.

ئەمە لە کاتێکدایە لە کۆتایی ساڵی 2015 هێزە ئەمنییەکانی عێراق شاری روماد ناوەندی پارێزگای ئەنباریان لە بندەستی چەکدارانی داعش دەرکردووە، بەڵام هێشتا چەند شارێکی ئەنبار لە بندەستی داعشدایە.

ئا: ئا ، ف