شەڕ لە نێوان پەکەکە و سوپای عێراق لە شنگال روویدا

بریندار هەیە

شەڕی نێوان پەکەکە و سوپای عێراق
شەڕی نێوان پەکەکە و سوپای عێراق

K24- هەولێر:

شەڕی دەستەویەخە لە نێوان هێزێکی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان و سوپای عێراق لە ناحیەی سنوونێ دروست بوو.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، سەربازێکی سوپا برینداربووە و ئۆتۆمبێلێکی سەربازی سوپای عێراقیش، بردراوە.

هۆکاری شەڕەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، پێشتر سوپای عێراق بەڵێنی بە هەزار و 500 چەکداری سەر بە پەکەکە دابوو کە سەر بە هێزەکانی ''پاراستنی ئێزدخانن''، بکرێنە بەشێک لە سوپای عێراق، بەڵام ئەمڕۆ وادەکە کۆتایی هات و رێککەوتنەکە جێبەجێ نەکرا.

چەکدار و لایەنگرانی پەکەکە لە رۆژئاوای خانەسوور سەر بە ناحیەی سنونێ و لە ناو سەنتەری شاری شنگال دەستیان بە خۆپیشاندان کردووە.

ئەگەرچی لە ماوەی 10 رۆژی رابردوو، سوپای عێراق سێ لیوای بردووتەوە سەر سنووری عێراق و سووریا، بەڵام هێشتا رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ دەرکردنی میلیشیاکان لە شنگال جێبەجێنەکراوە.

پەکەکە و حەشدی شەعبی دژی رێککەوتنەکەن و رەتی دەکەنەوە پابەندی رێککەوتنی حکومەتی هەرێم و عێراق بن.

 

.