مەتڕانەکانی ھەولێر و حه‌دیاب سوپاسی سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکومەت دەکەن
"په‌یامێك بوو بۆ هه‌موو جیهان و ده‌رخه‌ری راسته‌قینه‌ی پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه‌ی نێوان ئایینه‌كانه"
K24 - هه‌ولێر:
هه‌ردوو مه‌ترانی ئه‌ساقیفه‌ی ئه‌بره‌شیه‌ی هه‌ولێر و ئه‌بره‌شیه‌ی حه‌دیاب، سوپاسی سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌و پێشوازی و رێوڕه‌سمه شایسته‌یه‌ی له پاپا فرانسیس كرا له هه‌ولێر.
هه‌ریه‌كه له مه‌تران به‌شار مه‌تی وه‌رده سه‌رۆكی ئه‌ساقیفه‌ی ئه‌بره‌شیه‌ی كلدانی له هه‌ولێر و مه‌تران نه‌سنائیل نزار سه‌معان ئه‌ساقیفه‌ی ئه‌بره‌شیه‌ی حه‌دیابی سریانی كاتۆلیك، له راگه‌یه‌ندراوێكدا، سوپاسگوزاری خۆیان ده‌رده‌بڕن بۆ رێكخستنی رێوره‌سمی پێشوازی و ئه‌نجامدانی نوێژی به‌كۆمه‌ڵ و قوداس له هه‌ولێر.
له به‌شێكی راگه‌یه‌ندراوه‌كه ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ی له هه‌ولێر بۆ پێشوازی له پاپا فرانسیس كراوه رێكخستنێكی بێوێنه بوو.
هاوكات ئاماژه به تیمی وه‌زاره‌ته‌كان و ئاماده‌كارییه پێشوه‌خته‌كان ده‌كه‌ن ورایده‌گه‌یه‌نن، نیشانده‌ری جددیه‌ت بوو بۆ پێشوازییه‌كه و به‌خێرهێنانی پاپا، ئه‌وه‌شیان وه‌ك نیشانده‌ری به‌ها به‌رزه‌كانی پێكه‌وه‌ژیان له كوردستان وه‌سف كردووه.
دووپات له‌وه‌ش ده‌كه‌نه‌وه، له رێگه‌ی ئه‌و پێشوازییه سه‌ركه‌وتووه‌ی له هه‌ولێر له پاپا كراوه، په‌یامێك بوو بۆ هه‌موو جیهان و ده‌رخه‌ری راسته‌قینه‌ی پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه‌ی نێوان ئایینه‌كانه.
رۆژی 7ی ئازار/ مارسی 2021، پاپا فرانسیس پاپای ڤاتیكان، به سه‌ردانێك گه‌یشته هه‌ولێر و دواتریش سه‌ردانی پارێزگای نه‌ینه‌وای كرد، ئێواره‌ی هه‌مان رۆژیش، له رێوڕه‌سمێكی گه‌وره‌دا، به ئاماده‌بوونی نزكه‌ی 10 هه‌زار كه‌س، نزای به كۆمه‌ڵ و قوداسی ئه‌نجامدا.