كێشه‌ی هه‌ولێر و به‌غدا شۆڕبووه‌ته‌وه بۆ ناو خه‌ڵك و ئێستا خه‌ڵكی عێراق دژی پرسهكهمانن
محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود:
K24 – هه‌ولێر:
له میانی به‌شداریكردنی له "ژووری هه‌واڵی كوردستان24" كه‌سایه‌تی سیاسی و پێشمه‌رگه‌ی دێرین، محه‌مه‌دی حاجی مه‌حموود، رایگه‌یاند، ئێستا خه‌ڵكی عێراق دژی پرسی كورد و مافه‌كانی خه‌ڵكی كوردستانن و ئه‌وان ده‌نگ به لایه‌نێك ناده‌ن، له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان رێكبكه‌وێت. گوتیشی: پێشوازی هه‌رێم له بانگه‌وازی دیالۆگی نیشتمانی، كه مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیران رایگه‌یاندووه، كارێكی باشه و به‌رده‌وام كورد پێشوازی له‌و هه‌وڵانه كردووه، به‌ڵام بڕوا ناكه‌م هیچی لێ سه‌وز بێت.
ده‌قی گفتوگۆی نێوان فه‌رهاد ره‌سووڵ، بێژه‌ری كوردستان24 و كه‌سایه‌تی سیاسی كورد، محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود:
پێشه‌كی فه‌رهاد ره‌سووڵ بۆ گفتوگۆكه:
ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق له ئێستا و رابردوودا، له سه‌رده‌می پاشایه‌تییه‌وه، هه‌ر كاتێك هه‌ستیان كردبێت ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه چ تێڕوانینێكیان به‌رامبه‌ر به كورد و كوردستان ده‌زانن. كوردستان به موسته‌عمه‌ره‌ی خۆیان ده‌زانن و خه‌ڵكی كوردستانیش به موالی وه‌ك سه‌رده‌می ئه‌مه‌وی و عه‌باسییه‌كان سه‌یریان كردووه، ئێستا ده‌ستووریش هه‌یه، به‌ڵام نایانه‌وێت به هیچ شێوه‌یه‌ك جێبه‌جێ بكه‌ن، كه ده‌توانێت هه‌موو كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا چاره‌سه‌ر بكات، به‌ڵام بۆچی ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق نایانه‌وێت له‌گه‌ڵ خه‌ڵك و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چاره‌سه‌ر بكه‌ن؟ ئه‌م پرسیارانه و چه‌ند بابه‌تی دیكه له‌گه‌ڵ محه‌مه‌دی حاجی مه‌حموود، سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان له گوڵه‌خانه‌وه له‌گه‌ڵمانه.
فه‌رهاد ره‌سووڵ: با له په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و عێراق ده‌ستپێبكه‌ین، له یاسای بودجه‌دا هاتووه، هه‌رێم و به‌غدا رێككه‌وتوون، به گوێره‌ی ده‌ستوور په‌رله‌مان بۆی نییه ده‌ستكاری یاسای بودجه بكات، مه‌گه‌ر گواستنه‌وه له وه‌زاره‌تێكه‌وه بۆ یه‌كێكی دیكه بكات و له‌وه زیاتر نییه، ئه‌وه‌ی ده‌یبینین ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی مسته‌فا كازمی مۆری كردووه، هیچ حسابێكی بۆ ناكرێت، ده‌سه‌ڵاتدارانی شیعه له رێی په‌رله‌مانتارانیانه‌وه ده‌یانه‌وێت كێشه درووست بكه‌ن، كه‌واته پرسیاره‌كه‌ی ئێمه ئه‌وه‌یه، به‌و حوكمه‌ی ئێوه كه‌سێكی سیاسه‌تمه‌دارن، ده‌توانین بڵێین، حكومه‌تی عێراق یاخود ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌كه‌ی ته‌نیا بووكهڵهیهكن به ده‌ست ده‌سه‌ڵاتدارانی شیعه و حه‌شدی شه‌عبییه‌وه؟
محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود: راستی ئه‌و سكرتێرهت نه‌وتبا باش بوو، من هاووڵاتییهكم، پێشمه‌رگه‌م و سیاسه‌تمه‌دار نیم. به راستی ره‌وشی هه‌رێم و به‌غدا، وه‌ك ئاماژه‌ت پێكرد، به‌غدا هه‌ر كاتێك ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی هه‌بووبێت، ره‌نگه كوردی قبوڵ نه‌بووبێت، هه‌ر كاتێكیش لاواز بووه و خۆیان هاتوون له‌گه‌ڵ كورد هه‌وڵی نزیكبوونه‌وه‌یان داوه. دوای ئه‌وه‌ی عێراقی نوێ هاتووه‌ته‌ئاراوه، چاوهڕێیهكی زۆری لێده‌كرا، ده‌ستوورێك له عێراق دانراوه، ئه‌و ده‌ستووره‌ی هه‌یه، پابه‌ندی پێوه ناكرێت. تا ئێستا نه‌یانویستووه جێبه‌جێی بكه‌ن. خاڵێكی دیكه ئه‌وه‌یه، ره‌نگه عێراق تا ئێستا كوردی به شه‌ریك قبوڵ نییه و ئاماده نییه كورد له عێراق له بڕیاری سیاسی به‌شدار بێت وه‌ك ئێستا كورد له بڕیاری سیاسی به‌شدار نییه. ئه‌مانه كۆمه‌ڵێك خاڵی گرنگن كۆبوونه‌ته‌وه و یه‌كێك له‌و خاڵانه ئه‌وه‌یه، جاران كورد له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی عێراقدا كێشه‌ی هه‌بوو ئێمه هه‌میشه خۆمان وامان ده‌وت، به‌ڵام ئێستا به پێچه‌وانه‌وه، ئێستا میله‌تی عه‌ره‌ب كێشه‌ی له‌گه‌ڵ كورد هه‌یه له‌گه‌ڵ پرسی نه‌ته‌وه‌كه‌مان. ئێمه كێشه‌مان له‌گه‌ڵ كه‌س نییه، به‌ڵام ئه‌وان كێشه‌یان له‌گه‌ڵمان هه‌یه. ئێستا نزیكی هه‌ڵبژاردن ده‌بنه‌وه نایانه‌وێت له كورد نزیك ببنه‌وه، یاخود ده‌نگ بۆ كورد بده‌ن، چونكه خه‌ڵك ده‌نگیان ناداتێ. واته كورد لای ئه‌وان ئه‌وه‌نده ناشیرینه هه‌ر لایه‌نێكی عێراقی له كورد نزیك بووه‌وه ئه‌وان ده‌نگی ناده‌نێ و ده‌نگه‌كه‌ی ده‌فه‌وتێت. ئه‌مه یه‌كێكه له بابه‌ته‌كانی ئێستا و ئه‌م هه‌لومه‌رجه‌ی ئێستا له ئارادایه.
فه‌رهاد ره‌سووڵ: سه‌رۆك وه‌زیران كازمی پێشنیازی دیالۆگی نیشتمانی كردووه، كورد قبووڵی كردووه، هه‌میشه ئاماده‌ی دانووستان بووه له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور، به‌ڵام زۆرێك له لایه‌نه شیعییه‌كان ره‌تیانكردووه‌ته‌وه، پێت وانییه كازمی هیچ حسابێكی بۆ ناكرێت و ئه‌وه‌نده‌شی ده‌سه‌ڵات نییه، ته‌نانه‌ت فڕووجێك له ئاو بكات؟
محه‌مه‌د حاجی مه‌حموود: له راستیدا بابه‌تی به‌ڕێز كازمی، خۆتان ده‌زانن، ئه‌وه‌ی هێزی هه‌بێت، ده‌بێت په‌رله‌مان پشتیوانی لێ بكات، یاخود هێزێك پشتیوانی لێ بكات. كازمی ئه‌ندامی په‌رله‌مانی نییه پشتیوانی لێ بكات. به‌ڵكو هه‌لومه‌رجێكی نائاسایی ئه‌وی هێناوه و ئه‌ویش له نێوان كێشه‌كانی ئێران و ئه‌مه‌ریكا بووه‌ته سه‌رۆك وه‌زیران، واته ئه‌و هێز و توانای نییه بتوانێت هه‌موو بڕیارێك بدات و هه‌موو شتێك باس بكات. خۆتان ئاگادارن، چه‌ند جارێك خه‌ڵكی گرت له‌سه‌ر هه‌ندێك كێشه و ئه‌وان به هێزی حه‌شدی شه‌عبی هاتن و به بێ پرسی ئه‌و خه‌ڵكه‌كانیان به‌ردا و بردنیانه‌وه. واته ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وانه‌ی نییه، ره‌نگه هه‌وڵی ئه‌وه بدات، به‌ڵام پێی ناكرێت. هه‌موو شته‌كانیان گه‌ڕاندووه‌ته‌وه بۆ په‌رله‌مان. هێزه سیاسییه‌كان، ره‌نگه ئه‌گه‌ر زۆر بڕوات، وه‌ك عادل عه‌بدولمه‌هدی، كۆبوونه‌وه‌یه‌ك بكه‌ن و لایبده‌ن له حوكم، ئه‌مه خاڵی یه‌كه‌م. خاڵی دووه‌میش ئه‌وه‌یه، ئه‌وه‌ی ئه‌و داوایكردووه، به بۆچوونی خۆم سێ لایه‌نه، یه‌كه‌میان هاتنی پاپا بۆ داوای ئاشتیی، دوای پاپا به‌ڕێز كازمی داوای ئاشتیی كرد و ره‌نگه وه‌ڵامێك بێت بۆ په‌یامه‌كه‌ی پاپا. خاڵێكی دیكه ئه‌وه‌یه هه‌میشه كاتێك نزیكی هه‌ڵبژاردن ده‌بینه‌وه، هه‌موو سه‌رۆك وه‌زیرانه‌كانی عێراق داوای ئاشتیی و پێكه‌وه‌ژیان ده‌كه‌ن و ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندی به هه‌ڵبژاردنی داهاتوو هه‌یه، ره‌نگه هه‌ندێكی بیه‌وێت، به‌ڵام ئاسان نییه ئه‌و بابه‌تانه وه‌ك خۆی بڕوات. خاڵێكی دیكه‌ش ئه‌وه‌یه بۆ رازیكردنی ئه‌مه‌ریكایه. چونكه ئه‌مه‌ریكا جه‌خت له‌سه‌ر ئاشتیی و پێكه‌وه كاركردن و هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوو ده‌كاته‌وه بكرێت، كه من پێم وانییه له كاتی خۆیدا بكرێت. من ئه‌و سێ خاڵه له داواكه‌ی به‌ڕێز كازمی ده‌بینم. حكومه‌تی هه‌رێم و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمیش پشتیوانیان كردووه وه‌ك هه‌میشه، به‌ڵام بڕوا ناكه‌م هیچ شتێكی لێ سه‌وز بێت.
فه‌رهاد ره‌سووڵ: با بێینه سه‌ر پرسی هێزه سیاسییه‌كانی كوردستان و په‌یوه‌ندییه‌كانیان، خۆت ده‌زانی په‌یوه‌ندییه‌كانیان ره‌نگه ئه‌وه‌نده باش نه‌بێت، ده‌مه‌وێت بزانم هۆكاری ئه‌و په‌یوه‌ندییه ناباشه چییه و بۆچی كورد وانه له ئه‌زموونی رابردووی وه‌رناگرێت؟ ئه‌مه ده‌ستی ده‌ره‌كی تێدایه؟ یاخود ئه‌وه‌یه كه كورد خۆی ده‌ڵێت: ده‌رده كورده؟
محه‌مه‌د حاجی مه‌حموود: پێم وایه كورد خۆی یه‌كدی قبوڵ نییه. به پێی ئه‌و مێژووه درێژه‌ی هه‌یه و شه‌ڕی ناوخۆ و كێشه جۆربه‌جۆره‌كان یه‌كتری قبووڵ نییه. دووه‌م پێم وایه گوناهه بیخه‌ینه ئه‌ستۆی وڵاتانی دیكه، ئێمه خۆمان زه‌مینه‌سازی ده‌كه‌ن و ئاماده‌ی ده‌كه‌ین، ره‌نگه ئه‌و كاته وڵاتانیش پێیان خۆش بێت و بێنه ناو ناكۆكییه‌كه‌وه، با نه‌یخه‌ینه سه‌ر كه‌س و خۆمان لێی به‌رپرسین. بۆیه پێم وایه پێویسته خه‌ڵكی كوردستان و هێزه سیاسییه‌كان به تایبه‌تی پارتی و یه‌كێتی و هێزه‌كانی دیكه، پێویسته سه‌یرێكی ئه‌وه بكه‌ن، ئه‌وانه ئێستا به‌رپرسی شه‌ش ملیۆن خه‌ڵكن له كوردستان و ره‌نگه 40 ملیۆن خه‌ڵكیش چاوهڕوانیانن، ئه‌وان ئێستا حزبێك نین له دۆڵێك بن و به‌رپرسی گرووپێك پێشمه‌رگه بن و له‌م دۆڵ بچنه ئه‌و دۆڵ، ئه‌وان ئێستا به‌رپرسن له ژیان و چاوه‌ڕوانی شه‌ش ملیۆن خه‌ڵك له كوردستان و خه‌ڵكێكی زۆر له جیهاندا، بۆیه پێم وایه هه‌ق نییه وا مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی كوردستان بكرێت و پێویسته هێزه سیاسییه‌كان كۆببنه‌وه و به‌یه‌كه‌وه رێكبكه‌ون. چ كێشه‌یه‌ك هه‌یه له بوونی كۆبوونه‌وه‌ی هه‌موو لایه‌نه‌كان له كوردستان، یان بیر بكرێته‌وه له ئه‌نجوومه‌نێكی سیاسی، كه نه یاسا داده‌نێت و نه جێبه‌جێكار ده‌بێت، ره‌نگه هه‌ر ده‌وڵه‌تێكی دنیا داوایان لێ بكات، بچن له‌گه‌ڵیان كۆببنه‌وه، به‌ڵام كورد خۆی بۆ خۆی پێ كۆناكرێته‌وه.
فه‌رهاد ره‌سووڵ: ئه‌مڕۆ یادی به‌یاننامه‌ی 11ی ئاداری 1970یه و ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره بوو له‌و كاته‌دا و هێزی پێشمه‌رگه توانی حكومه‌تی عێراق بهێنێته سه‌ر مێزی گفتوگۆ و دان به به‌شێك له مافه ره‌واكانی خه‌ڵكی كوردستاندا بنێت، به بڕوای تۆ ئه‌مه نابێته هانده‌رێك له ئێستاشدا ئه‌مه ببێته هانده‌رێك بۆ یه‌كڕیزی ته‌واوی گه‌لی كوردستان، بۆ ئه‌وه‌ی به پێی ده‌ستووری عێراق هه‌نگاوێكی دیكه بچینه پێش، كه زۆرێك له مافه ده‌ستوورییه‌كانمان له ده‌ستووردا هاتوون، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق پێشێلی ده‌كه‌ن؟
محه‌مه‌د حاجی مه‌حموود: یه‌كێك له كێشه‌كان ئه‌وه‌یه كورد نه‌وه‌ك پێویست مێژووی خۆی نووسیوه‌ته‌وه، نه وه‌ك پێویست ده‌یخوێنێته‌وه، ئه‌وه‌یه وا ناتوانێت نه ئێستا و نه داهاتوو، پێشبینییه‌كانی رێكبخات. ئه‌مه ره‌نگه خاڵی یه‌كه‌م بێت، شۆڕشی ئهیلوول و به‌یانی یازده‌ی ئازار به تایبه‌تی، نه‌ك ته‌نیا له رووی یه‌كخستنی هه‌موو بۆچوونه‌كانی كورد، نه‌ك ئاشتبوونه‌وه‌یه‌كی ئه‌و كاته‌ی هه‌موو باڵه‌كانی كورد، نه‌ك ته‌نیا ئه‌وانه، به‌ڵكو شۆڕشی ئهیلوول و به‌یانی یازده‌ی ئازار، له‌و چوار ساڵه‌دا، له رووی په‌روه‌رده‌وه هه‌موو مه‌كته‌به‌كان كرانه كوردی و هه‌نگاوێكی گرنگ بوو و بووه گه‌نجینه‌ی خه‌ڵكی كوردستان، درووستبوونی یه‌كێتی نووسه‌رانی كورد، ئه‌و گه‌وره نووسه‌رانه توانیان خزمه‌تێكی گه‌وره بكه‌ن، له بواری كۆمه‌ڵایه‌تییدا تێكه‌ڵبوونێك له ناوچه‌كانی كوردستان له بادینانه‌وه تا خانه‌قین هاته ئاراوه. پێشمه‌رگه له ناوچه‌كان له رووی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه، جێگه و پێگه‌یه‌كی كاریگه‌ری هه‌بوو. له رووی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و زمانه‌وانی و له هه‌موو بواره‌كاندا پێم وایه شۆڕشی ئهیلوول توانی هه‌نگاوێكی گرنگ له هه‌موو بواره جیاجیاكاندا و هه‌روه‌ها تێگه‌یاندن و پێگه‌یاندنی ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی خه‌ڵكی كوردستان كه چێژی ئازادی بچێژن و به ئاسانی واز له‌و بابه‌ته نه‌هێنن.
فه‌رهاد ره‌سوڵ: زۆر سووپاس بۆ محه‌مه‌دی حاجی مه‌حموود، خه‌باتكار و پێشمه‌رگه‌ی دێرین. بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره‌كان.
ده‌قی ڤیدیۆیی گفتوگۆكه