ئەمریکا؛ پلانی هێرشێکی چەکداریی داعش بۆ سەر گەورەترین مۆڵ پووچەڵکرایەوە

نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمریکا (FBI) گەنجێکی تەمەن 18 ساڵی بە تۆمەتی لایەنگری لە داعش و داڕشتنی پیلان بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی خوێناوی بۆ سەر مۆڵێک لە ویلایەتی مینیسۆتا دەستگیر کرد، کە بە نیاز بووە دەیان هاووڵاتی بکوژێت.

نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی رایگەیاند، تۆمەتبارەکە ناوی «شێخەدین عەبدوڵڵاهی مەحمود»ە و تەمەنی 18 ساڵە و خەڵکی ویلایەتی مینیسۆتایە، بە تۆمەتی پەیوەندی بە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش و هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی چەکداری بە چەکی ئۆتۆماتیکی دەستگیر کراوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی دۆسیەکە، تۆمەتبارەکە تفەنگێکی جۆری (AK-47) و ژمارەیەک گولەی لە ئەفسەرێکی نهێنیی دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدراڵی کڕیوە، هەر بەو هۆیەوە پیلانەکەی ئاشکرا بووە و لە کاتی دەستکەوتنی چەکەکەدا دەستبەجێ دەستگیر کراوە.

لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە، ئەو گەنجە پلانی دانابوو لە 24ـی ئەم مانگەدا هێرش بکاتە سەر «مۆڵی ئەمریکا» ، بەو بیانووەی خاوەنی مۆڵەکە جووە، هەروەها بە نیازی ئەوە بووە لە نێوان 30 بۆ 60 کەس لەو ناوەندە بازرگانییەدا بکوژێت.

ئاشکراش کراوە، تۆمەتبارەکە لە ساڵی 2024ـەوە سەدان نامەی لەگەڵ سەرچاوەیەکی نهێنیی (FBI) ئاڵوگۆڕ کردووە و تەواوی پلان و نیازەکانی خۆی بۆ هێرشکردن ئاشکرا کردووە، تەنانەت لە یەکێک لە نامەکانیدا گرتەیەکی ڤیدیۆیی ناردووە کە تێیدا بە فەرمی بەیعەت بە رێکخراوی داعش دەدات. تۆمەتبار لە 7ـی ئەم مانگەدا لە بەردەم دادگایەکی فیدراڵیدا ئامادە کراوە بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوەی تۆمەتەکانی.

کاش پەتێڵ، بەڕێوەبەری نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI) رایگەیاند: تۆمەتبارەکە چەکی دەستکەوتبوو و بە تەواوی نیازی ئەوەی هەبوو کۆمەڵکوژی لەپێناو پشتیوانیکردن لە داعش ئەنجام بدات، بەڵام توانیمان لە کاتی خۆیدا دەستگیری بکەین و شکست بە پلانە مەترسیدارەکەی بهێنین.