ئەمریکا هۆشداری لە داخستنی ئاسمانی سعوودیە دەدات
باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عەرەبستانی سعوودیە هۆشداری دایە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی لە ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان، داخستنی کایەی ئاسمانی و دروستبوونی ئاستەنگ لە جووڵەی گەشتەکان لەو وڵاتەدا.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ڕیاز، لە راگەیەندراوێکدا لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆی و هەژماری تایبەتی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، بەهۆی بەردەوامیی گرژییەکان لە عەرەبستانی سعوودیە و بوونی هەڕەشە لە دژی فڕۆکەخانەکان و کایەی ئاسمانیی وڵاتەکە، داوا لە هاووڵاتییانی ئەمریکی دەکەین ئەوپەڕی وریایی بگرنەبەر.
باڵیۆزخانەکە راشیگەیاندووە: پێویستە هاووڵاتییانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان، داخستنی کایەی ئاسمانی و پەککەوتنی گەشتەکانیان لەبەرچاو بگرن.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا رێنمایی داوەتە هاووڵاتییانی کە لەم کاتەدا ڕاستەوخۆ لە رێگەی فڕۆکەخانەکان و کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانییەوە بەدواداچوون بۆ دۆخی گەشتەکانیان بکەن پێش ئەوەی ڕوو لە فڕۆکەخانەکان بکەن.
هاوکات دوێنێ چوارشەممە، دەستەی گشتیی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عەرەبستانی سعوودیە لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، لە رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە (6 و 7ـی تشرینی یەکەمی 2026)، بەشێک لە دامەزراوەکانی هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی «ئەبها» و «شا خالید» کراونەتە ئامانجی دوو پەلامار، دەستبەجێ تیمەکانی فریاکەوتن و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەپێی پلانەکان مامەڵەیان لەگەڵ دۆخەکەدا کردووە.