ئیتاڵیاش قەدەغەی هاتووچۆی راگەیاند

حاڵەتەکانی کۆرۆنا زیادیان کردووە

قەدەغەی هاتووچۆ لە ئیتاڵیا
قەدەغەی هاتووچۆ لە ئیتاڵیا

بەهۆی زیادبوونی حاڵەتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئیتاڵیا، رێکارەکان تووند کران.

حکومەتی ئیتاڵیا بڵاویکردەوە، رێکارەکان تووند دەکرێن، جیا لە نیمچە- قەدەغەی هاتووچۆ، قوتابخانە، چێشتخانە، باڕ و مۆزەخانەکان دادەخرێن.

هەروەها وەزارەتی تەندروستی ئیتاڵیا لە راگەیەندراوێک ئاماژەی بەوەداوە، ناوچەکانی باکوور کە هەرێمی لۆمباردیش دەگرێتەوە، لە رۆژی دووشەممەوە وەک ''ناوچەی سوور'' هەژمار دەکرێن.

لە ئیتاڵیا، سێ ملیۆن و 176 هەزار حاڵەتی کۆرۆنا تۆمار کراون، بەهۆیەوە 101 هەزار و 564 کەس گیانیان لەدەستداوە.

دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە ئەوروپا، چەند وڵاتێک لە ناویان بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا قەدەغەی هاتووچۆیان راگەیاند، بەڵام ئیتاڵیا رێکارەکانی تووندتر نەکرد، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی زیادبوونی حاڵەتەکان، ئیتاڵیاش وەکو دراوسێکانی رێکارەکان تووندتر دەکات.

AFP