په‌رله‌مانی كوردستان داوا له‌ په‌كه‌كه‌ و توركیا ده‌كات رێز له‌ سه‌روه‌ری هه‌رێمی كوردستان بگرن

داوا لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەكرێت ھەموو ھەوڵێك بخاتەگەڕ بۆ دوورخستنەوەی پەكەكە لە سنوورەكانی ھەرێمی كوردستان

پەرلەمانی کوردستان
پەرلەمانی کوردستان

K24- ھەولێر:

لیژنەی پێشمەرگەی پەرلەمانی کوردستان داوا لە تورکیا و پەکەکە دەکات رێز لە سەروەری ھەرێمی کوردستان بگرن و سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگەش گوتی: دانانی بۆمب بۆ پێشمەرگە دژی بنەماکانی مافی مرۆڤە  ئیدانەی  ئەو کارە دەکات و داواش لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەن گفتوگۆ بکات بۆ دورخستنەوەی پەکەکە لە سنوری ھەرێمی کوردستان.

پەکەکە جگە لەوەی رۆژ لە دوای رۆژ ژیانی خەڵكی كوردستان لە ناوچە سنورییەکان دەخاتە مەترسییەوە و توركیا پەلكێشی ناو خاكی ھەرێمی كوردستان دەكات و لەسەر رێگە سەرەکیەکانیش بۆمب دادەنێتەوە بۆ ھێزەکانی پێشمەرگە، لە دواین كردەوەیاندا دانانی بۆمبێك بوو لەسەر رێگەی سەرەکی، كە بووە ھۆی شەھیدکردنی پێشمەرگەیەک و برینداربوونی پێشمەرگەیەکی دیکە.

رێڤینگ ھروری، سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان سەركۆنەی ئەم کردەوانەی پەکەکەی كرد و داوای لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان كرد ھەموو ھەوڵێك بخاتەگەڕ بۆ ئەوەی پەكەكە لە سنوورەكانی ھەرێمی كوردستان دووربخاتەوە.

پێشتر پەرلەمانی كوردستان لە بارەی دۆخی ناوچە سنورییەکان ژمارەیەک راسپاردەی دابووە لایەنی پەیوەندیدار، کە یەکێك لە راسپاردەکان دورکەوتنەوەی پەکەکە و تورکیا بوو لە سنووری ھەرێمی کوردستان.

عوسمان سێدەری، جێگری سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگەش داوای لە پەکەکە و تورکیا كرد رێز لە  قەوارەی ھەرێمی کوردستان بگرن و کێشە و ئاڵۆزییەکان لە سنووری ھەرێمی کوردستان دوربخەنەوە.