دەسەڵاتدارانی بەغدا 16 جار گەلی کوردستانیان کۆمەڵکوژ کردووە
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بەرامبەر کۆمەڵکوژییەکان بێ هەڵوێستە
K24 – ھەولێر:
هەرچەندە دوای بوونی بە ئەندامی کۆمەڵەی گەلان، عێراق لە ساڵی1951 رێککەوتننامەی رێگریکردن لە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی واژووکرد، بەڵام بەپێی بەڵگەکانی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، لەماوەی رابردوودا دەسەڵاتدارانی بەغدا 16 جار کۆمەڵکوژیان بەرامبەر بە گەلی کورد ئەنجامداوە، کەچی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هیچ هەڵوێستێکی کردەیی بەرامبەر بەو پێشێلکارییانە نەبووە.
بەدرێژایی مێژووی پێکهێنانی لەلایەن وڵاتانی زلهێزی جیهان، عێراق لەسەر ئاستی ناوچەکە بووەتە بەڵایەکی گەورە و هەڕەشەیەکی بەردەوام بۆ سەر دراوسێکانی، لەنێوخۆشدا پێکهاتەکان بەگشتی و گەلی کورد بەتایبەت بەشیان تەنیا ئاوارەیی، جینۆساید و ئەنفال بووە.
هەرچەندە دوای بوونی بە ئەندامی کۆمەڵەی گەلان، عێراق لە ساڵی1951 رێککەوتننامەی رێگریکردن لە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی واژووکرد، بەڵام بەپێی بەڵگەکانی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، لەماوەی رابردوودا دەسەڵاتدارانی بەغدا16 جار کۆمەڵکوژیان بەرامبەر بە گەلی کورد ئەنجامداوە، کەچی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هیچ هەڵوێستێکی کردەیی بەرامبەر بەو پێشێلکارییانە نەبووە.

بۆ لەنێوبردنی شۆرشی رزگاریخوازی گەلی کورد، رژێمی بەعس لە ساڵی1983 پڕۆسەی ئەنفالی بارزانییانی دەستپێکرد، کە بەهۆیەوە زیاتر لە8 هەزار بارزانی ئەنفال کران، دواتر ژمارەیەك لە تەرمەکانیان لەنێو گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و نوگرە سەلمان دۆزرانەوە. ئەمە جگە لەوەی بەسەدان گوند لەسنووری بارزان خاپوور کران. هەروەها لە ساڵی 1988 بەفەرمانی عەلی حەسەن مەجید (ناسراو لای كورد بە عەلی کیمیاوی) ئامۆزای سەدام حوسێن، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەو کاتەی عێراق لە ساڵی 1988 شاری هەڵەبجەیان بە چەکی کیمیایی بۆردومانکرد. بەوهۆیەشەوە 5 هەزار هاووڵاتی شەهیدبوون و 10 هەزاری دیکەش برینداربوون، لەکاتێکدا ئەو چەکە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بەکارهێنانی قەدەخەیە.

بەهۆی پێداگیرییەکانی کورد و بەردەوامبوون لە خەبات بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی، حکومەتی عێراق بەشێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو لەنێوان ساڵی1987-1988 لە ناوچەی گەرمیان پرۆسەی ئەنفالی دەستپێکرد و 182 هەزار کەسی لە ناوچەی حەزەر لەسنووری پارێزگای نەینەوا و نوگرە سەلمان زیندەبەچاڵکرد و هەڵمەتێکیشی بۆ تێکدانی گوندەکان پەیڕەوکرد، لە ئەنجامیشدا 5 هەزار گوند وێرانکران.
هەروەها رژێمی بەعس پرۆسەیەکی دیکەی ئەنفالی لە ساڵی 1988 دژ بە کوردانی فەیلی ئەنجامدا.
جگە لە پرۆسەی ئەنفالی بارزانیان، گەرمیانییەکان و کوردانی فەیلی، رژێمی بەعس هەزار و 500 بۆ دوو هەزار دەستگیرکراوی کوردی لە گرتووخانەی ئەبوغرێب لە رۆژئاوای بەغدا زیندەبەچاڵکرد.
ساڵی 1991 ی گەلی کورد لە باشووری کوردستان دژ بە دەسەڵاتدارانی ئەوکاتەی بەغدا راپەڕی، کەچی دەسەڵاتدارانی بەغدا بەدڕندانەترین شێوە رووبەڕووی خەڵک بوونەوە و دەیان هەزار هاووڵاتیی کوردیان دەستگیرکرد و کۆمەڵکوژیان کردن.
بەپێی یاسای تاوانی نێودەوڵەتی ساڵی 1948 ی ئەو کاتەی کۆمەڵەی گەلان و دواتریش نەتەوەیەکگرتووەکان، تەواوی ئەو پرۆسانەی عێراق بۆ لەنێوبردنی کورد ئەنجامیداون دەچێتە خانەی جینۆساید و کۆمەڵکوژییەوە. بەڵام تاوەکو ئێستا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کۆمەڵکوژییەکانی بەرامبەر بە کورد ئەنجامدراون بە جینۆساید نەیناساندوون.