ئافرەتێك پەرتووكخانەیەك لە زاخۆ دەكاتەوە

لەكردنەوەی ئەو پەرتووكخانەیە دوو ئامانجمان ھەبوو

ئیمان عەبدولحەكیم، پەرتووكخانەیەك لە زاخۆ دەكاتەوە
ئیمان عەبدولحەكیم، پەرتووكخانەیەك لە زاخۆ دەكاتەوە

K24 – ھەولێر:

لە ناوەندی قەزای زاخۆ ئافرتێك پەرتووكخانەیەك بۆ خەڵكی شارەكەی دەكاتەوە.

ئیمان عەبدولحەكیم ئەو ئافرەتەیە، كە ئەو پەرتووكخانەی كردووەتەوە و بە كوردستان24 گوتی: بیرۆكە كردنەوەی ئەو پەرتووكخانەیە لەوە بۆمان ھات، دوای ئەوەی بینیمان خەڵكێكی زۆر لە زاخۆ خوێنەرن، بەڵام شارۆچكەكەمان پەرتووكخانەیەكی بەرفراوانی تێدا نییە بۆ ئەو كەسانە دەیانەوێت پەرتووك بەدەست خۆیان بخەن.

گوتیشی: من دوو ئامانجم ھەبوو لە كردنەوەی ئەو پەرتووكخانەیە، یەكەمیان خزمەتێكی گشتی بە خەڵكی شارەكەم بكەم، كە بەردەوام رەخنە ھەبوو لەوەی، بۆ شوێنێكی رۆشنبیری لە شارەكەدا نییە، كە خەڵك رووی لێبكات. ئامانجی دووەمیشم ئەوە بوو دەرگایەك بكەینەوە بۆ ئافرەتانی شارەكەمان بۆ ئەوە بێن و ھەندێك بحەسێنەوە بە تایبەتی ژمارەیەكی زۆر لە ئافرەتان ھەن ناتوانن بچنە كافتیریا و شوێنەكانی دیكە بۆ حەسانەوە.  

لە بارەی پێشوازیكردنی خەڵك لەو پرۆژەیە، گوتی: خەڵك پیشوازییەكی زۆر باشی لەو پرۆژەیەمان كردووە، و دەستخۆشیمان لێدەكەن.