سێ قوتابی لە رێگەی ئەپڵیکەیشنێکی دیجیتاڵییەوە کلتوور و مێژووی کورد بە چوار زمان بەردەست دەخەن
سێ قوتابیی زانکۆی زاخۆ لە بەشی زیرەکیی دەستکرد پڕۆژەیەکی نوێیان بە شێوەی ئەپڵیکەیشنێکی مۆبایل بەرهەمهێناوە، کە تایبەتە بە کۆکردنەوە و بەدیجیتاڵکردنی تەواوی کلتوور، مێژوو، کەسایەتی و فۆلکلۆری کوردی و بە چوار زمان لەبەردەستدا دەبێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2026، پەروین لەزگین، قوتابی لە کۆلێژی ئەندازیاری - بەشی زیرەکیی دەستکرد لە زانکۆی زاخۆ، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 ئاماژەی بە وردەکارییەکانی پڕۆژەکەیان کرد و رایگەیاند، بیرۆکەی دروستکردنی ئەم پلاتفۆڕمە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە تێبینیی بوونی بۆشاییەکی گەورەیان لە بەردەستبوونی زانیارییە کلتووری و مێژووییەکان بە شێوەیەکی ئاسان کردووە.
پەروین لەزگین روونیکردەوە، گەلی کورد خاوەنی مێژوو و کلتوور و فۆلکلۆرێکی زۆر دەوڵەمەندە، بەڵام دەستکەوتنی ئەو زانیارییانە بۆ توێژەران و خەڵکی ئاسایی زەحمەت بوو، پێویست بوو کەسێک سەردانی چەندین کتێبخانە بکات تا بگاتە زانیارییەکی پشتڕاستکراو لەسەر مێژوویەک، شاعیرێک، یان بابەتێکی فۆلکلۆری. بۆیە بڕیارمان دا پلاتفۆڕمێکی دیجیتاڵی دروست بکەین کە هەموو ئەو زانیارییانە لە شوێنێکدا کۆبکاتەوە.
ئەو قوتابییە ئاماژەی بەوەش کرد، پڕۆژەکەیان تەنیا مێژوو لەخۆ ناگرێت، بەڵکو تەواوی کلتووری کوردی لەخۆ دەگرێت؛ لەوانە:
ناساندنی کەسایەتی و شاعیرە ناودارەکانی کورد.
خواردن و شیرینییە کلتووری و میللییەکان.
جلوبەرگ و کەرەستە و نەخش و زێڕ و شێوازی رازاندنەوەی ژنانی کورد لە دێرینەوە.
فەرهەنگ و زاراوە و چیڕۆک و دەستەواژە کلتوورییەکان.
سەبارەت بە زمانەکانی نێو پلاتفۆڕمەکە، پەروین لەزگین باسی لەوە کرد، بە مەبەستی ناساندنی زیاتری کلتووری کورد بە گەلانی دیکە و پاراستنی لە فەوتان، ئەپڵیکەیشنەکە بەم شێوەیە ئامادە کراوە:
زمانی کوردی: بە هەردوو شێوەزاری سەرەکی (سۆرانی و کرمانجیی سەروو).
زمانی ئینگلیزی، عەرەبی و تورکی: بۆ ئەوەی بیانییەکان بە ئاسانی و لە سەرچاوەیەکی دروستەوە ئاشنای کلتووری کورد بن.
ئەو قوتابییەی زانکۆی زاخۆ ئاشکرای کرد، تیمەکەیان لە سێ قوتابی پێک هاتووە و ماوەی زیاتر لە شەش مانگە کار لەسەر پرۆژەکە دەکەن، وەشانی تاقیکاریی پڕۆژەکەیان ئامادە کردووە و لە پلانیدایە لە داهاتوویەکی نزیکدا بۆ هەردوو سیستەمی ئەندرۆید (Android) و ئای ئۆ ئێس (iOS) بخرێتە بەردەست.
پەروین لەزگین رایگەیاند، تاوەکو ئێستا تەواوی تێچوو و کارەکانی پڕۆژەکە لەسەر ئەرک و گیرفانی خۆیان بووە و زانکۆی زاخۆش لە دابینکردنی شوێن و پێشانگاکاندا هاوکاری کردوون، بەڵام بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە و فراوانکردنی داتابەیسەکەی پێویستیان بە سپۆنسەر و پاڵپشتی دارایی هەیە تا بتوانن سەرجەم لایەنەکانی کلتووری کوردی بە زیندوویی بپارێزن.


