ئۆباما واژوو لەسەر بودجەی وەزارەتی بەرگری ناکات
"بەھۆی چەند بڕگەیەك"
K24 - ھەولێر
كۆشكی سپی رایگەیاند، بەھۆی چەند بڕگەیەك لە بودجەی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا پێدەچێت ئۆباما واژووی لەسەر نەكات.
لە راگەیەنراوێکدا کۆشکی سپی ئاشكرای كرد: "بەهۆی ئەوەی چەند بڕگەیەك لە بودجەی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا کاریگەری هەیە، لەسەر هەندێك خاڵی ستراتیجی وەك بەرەنگاربوونەوەی داعش و داخستنی بەندیخانەی گونتانامۆ، پێدەچێت، باراك ئۆباما بودجەکە واژوو نەکات".
کارکردن لەسەر پرۆژە یاسای بودجەی 2017 لەلایەن کۆنگرێسەوە چەند مانگێك دەخایەنێت بەرلەوەی بخرێتە بەردەم سەرۆکی ئەمریکاوە، ساڵی رابردووش بە هۆی تێبینییەکانی ئۆباما، بودجەی 2016 گەڕێندرایەوە کۆنگرێس و چەند گۆڕانکارییەکی تێدا ئەنجامدرا.
ئەمە لە كاتێكدایە ئەمریكا سەركردایەتی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەكات لە شەڕی دژی داعش، لە سەرەتای دەستپێكردنی شەڕی داعش ئەمریكا چەندین راوێژكاری سەربازی بە مەبەستی مەشق و راھێنانی ھێزە شەڕكەرەكان رەوانەی عێراق و سووریا كردووە، چەندین ھێرشی ئاسمانی كردووەتەوە سەر بنكە و بارەگانی داعش.