كاروانێكی ھێزەكانی ئەمەریكا بە باری لۆجستی و چەكەوە گەیشتە حەسەكە
كاروانێكی نوێی ھێزەكانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی، كە كەلوپەلی لۆجیستی و چەكی لە خۆ گرتبوو لە عێراقەوە چووە ناو خاكی سووریا
K24 – ھەولێر:
كاروانێكی نوێی ھێزەكانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی، كە كەلوپەلی لۆجیستی و چەكی لە خۆ گرتبوو لە عێراقەوە چووە ناو خاكی سووریا و گەیشتە بنكەكانی خۆی لە ناوچە گوندنشینەكانی حەسەكە لە سووریا، بەپێی ئاژانسی فەرمی ھەواڵی سووریا "سانا".
ئاژانسەكە لە ھەندێك سەرچاوەی ناوخۆیی گواستووەتەوە، "ھێزەكانی ئەمەریكا لە میانی چەند كاتژمێری رابردوودا، كاروانێكی پێكھاتوو لە 40 ئوتۆمبێل و بارھەڵگری لە عێراقەوە بەڕێگای دەروازەی ئەلوەلید رەوانەی خاكی سووریای كردووە و كاروانەكە كەلوپەلی لۆجیستی و چەك و تەقەمەنیی لەگەڵ ژمارەیەك لە فێنككەرەوەی لەخۆگرتبوو و زرێپۆشە سەربازییەكان یاوەری كاروانەكەیان دەكرد و گەیشتن بە فڕۆكەخانی خراب ئەلجیر لە گوندی ئەلیعروبیە".
لە چەند مانگی رابردوودا ھێزەكانی ئەمەریكا بە ھەزاران بارھەڵگری لە دەروازەكانی عێراقەوە بردووەتە ناو خاكی سووریا و ئەو بارھەڵگرانە كەلوپەلی لۆجیستی و چەك و كەرستەی سەربازییان لە خۆگرتووە لە پێناو بەھێزكردنی بوونی خۆی لە ناوچەی جزیرەی سووریا.
سەرچاوە: "سانا"