ئەنجوومەنی ئەوروپا ھۆشداری دەدات لە قەدەغەكردنی ھەدەپە
"قەدەغەكردنی حزبێكی سیاسی پێوەرەكانی مافی مرۆڤ لە ئەنجوومەنی ئەوروپا پێشێل دەكات"
K24 – ھەولێر:
ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی ئەوروپا، ماریا بیگینۆڤیچ بۆریچ، دوێنێ پێنجشەممە، ھۆشداری دا لە قەدەغەكردنی پارتی گەلانی دیموكراتیك (ھەدەپە) لە لایەن داگای توركیاوە و ئەو كارەی بە "كێشەیەكی گەوەرە دانا".
بۆریچ بە رۆژنامەی "دی فیلت"ی ئەڵمانیایی گوت: "ئەگەری قەدەغەكردنی ھەدەپە كێشەیەكی گەوەرەیە. پارتە سیاسییەكان پارێزبەندی دادگای ئەورپایی بۆ مافەكانی مرۆڤیان ھەیە "، كە باڵی دادگایی ئەنجوومەنی ئەوروپایە و "بەرگری لە مافی ئازادی لە پێكھێنانی كۆمەڵەكان دەكات".
لێدوانەكانی بۆریچ، دوای ئەوە ھات، كە داواكاری گشتی توركیا، رۆژی چوارشەممەی رابردوو داواكارییەكی ئاراستە دادگای دەستوری كرد بۆ قەدەغەكردنی پارتی گەلانی دیموكراتیك (ھەدەپە).
ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی ئەوروپا، كە چاودێری مافەكانی مرۆڤ دەكات لە كیشوەرەكەدا و 47 دەوڵەت پێكدێنێت، سوور بوو لەسەر ئەوەی "دادگای ئەوروپا بۆ مافەكانی مرۆڤ جەختیكردووەتەوە لەسەر رۆڵی پارتە سیاسییەكان لە سیستەمی دیموكراتیدا".
گوتیشی: بە دیدی دادگای ئەوروپا بۆ مافەكانی مرۆڤ ھەڵوەشاندنەوە یان قەدەغەكردنی پارتێك "رێكارێكی زۆر توندە و پاساوی نییە تەنھا ئەگەر دوا چارەسەر بێت بۆ دیموكراتییەت و لە دۆخی نا ھەمواردا بێت". گوتیشی: تەنھا ئەو كاتانە دەبێت، "كاتێك پەیوەندییەكی ئاشكرا و راستەوخۆ لە نێوان حزبێكی سیاسی و كارێكی تاوانكاریدا ھەبێت لەگەڵ رێكخراوێكی تیرۆریستی لە میانی ھەبوونی بەڵگەی بەھێز و لە دادگایەكی سەربەخۆدا".
لە قسەكانی بەردەوام بوو و گوتی: ناكرێت پاساو بۆ قەدەغەكردنی حزبێك بێنیتەوە تەنھا لەبەر ئەوەی ھەوڵدەدات گفتوگۆیەكی گشتی ئەنجامبدات بۆ رەوشی بەشێك لە دانیشتوانی دەوڵەت.
ئاماژەشیكرد، دادگای ئەوروپا بۆ مافەكانی مرۆڤ "چەندین بڕیاری لەم بوارەوە دەرخستووە لەوانەش دژ بە توركیا و گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی، كە قەدەغەكردنی حزبێكی سیاسی پێوەرەكانی مافی مرۆڤ لە ئەنجوومەنی ئەوروپا پێشێل دەكات".