کۆرۆنا جارێكی دیكە نرخی نەوتی داشكاند
رێكارەكانی رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا نرخی نەوتی دابەزاند
K24 - ھەولێر
نرخی نەوت لە یەکەم رۆژی هەفتەی مامەڵەکانیدا بە رەنگی سوور دەستیپێکرد، هۆکارەکەشی بۆ بەردەوامی رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە وڵاتانی ئەوروپا دەگەڕێتەوە و خواستی بۆ سوتەمەنی کەمکردووەتەوە.
نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنتی پێوانەیی لە گرێبەستەکانی داهاتووی بۆ مانگی ئایار بە رێژەی زیاتر لە 0.37% بۆ 63 دۆلار و 68 سەنت دابەزی.
نرخی بەرمیل نەوتی رۆژئاوای تێکساسیش لە گرێبەستەکانی داهاتووی بۆ مانگی نیسان زیاتر لە 0.34%ـی نرخەکەی لەدەستدا و بۆ 60 دۆلار و 70 سەنت دابەزی.
بە درێژایی هەفتەی رابردوو نرخی ئەو دوو جۆرە نەوتە 6% نرخەکانیان لە دەستداوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، بۆ سنووردارکردنی ژمارەی تووشبووان بە پەتای کۆرۆنا، ئەڵمانیا پلان دادەڕێژێت تاوەکو مانگی ئایار رێوشوێنی نوێ دیاری بکات. ئەوەش دوای ئەوەی ژمارەی تووشبووان لە وڵاتەکە بەردەوام لە هەڵکشانە و بەرپرسانی وڵاتەکە دەڵێن، بەردەوامی ژمارەی تووشبووان بەو شێوەیە گوشار دەخاتە سەر نەخۆشخانەکان.