گەرووی هورمز؛ هێرش کرایە سەر کەشتییەکی نەوتهەڵگر

دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا (UKMTO) رایگەیاند، کەشتییەک لە کاتی تێپەڕبوونی بە گەرووی هورمزەوە بە چەکێکی نەناسراو پێکێنراوە و بەهۆیەوە ئاگر لە کەشتییەکە کەوتووەتەوە. ئەم رووداوە لە کاتێکدایە کە بەردەوامیی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێرانیش نیگەرانییە ئەمنییەکانی لەو گەرووەدا زیاتر کردووە.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی UKMTO، کەشتییەکە رووبەڕووی هێرشێکی گوماناوی بووەتەوە و لە ئەنجامی پێكانی بە تەقەمەنییەکی نەناسراو، ئاگری تێدا بەربووە. دەستەکە ئاماژەی بەوەش کردووە: "زانیارییەکان پشتڕاستی دەکەنەوە کە دەستەی کارگێڕیی کەشتییەکە سەلامەتن، بەڵام قەبارەی زیانەکان و کاریگەرییە ژینگەیییە ئەگەرییەکانی رووداوەکە هێشتا نەزانراون."

دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا جەختی کردووەتەوە کە لێکۆڵینەوەکان لەسەر رووداوەکە بەردەوامن و داوای لە تەواوی ئەو کەشتییانە کردووە کە لە ناوچەکەوە تێپەڕدەبن ئاگاداربن و هەر رەفتارێکی گوماناوی راستەوخۆ رابگەیەنن.

لە لایەکی دیکەوە، ئاژانسی "فارس"ی ئێرانی لە سەرچاوە ناوخۆییەکانەوە گواستوویەتییەوە، سوپەرتانکەرێک کە نزیکەی 2.5 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەڵگرتبوو و لە رێڕەوێکی رێپێنەدراو لە گەرووی هورمز دەڕۆیشت، لە دووریی نزیکەی 8 کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی عومان هێرشی کراوەتە سەر و ئاگری گرتووە.

 لە زانیارییە سەرەتاییەکاندا هیچ وردەکارییەک دەربارەی ئاڵای ئەو وڵاتەی کەشتییەکە هەڵیگرتبوو نەخراوەتەڕوو. هەروەها ئاماژە بەوە نەکراوە کە ئایا لە ئەنجامی هێرشەکەدا هیچ کام لە تیمی کەشتییەکە کوژراون یان بریندار بوون.