وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده پێشنیازی قوتابیانی پۆلی (12)ی په‌سندكرد
گۆڕانكاری له واده‌ی تاقیكردنه‌وه‌كانی پۆلی (12) ده‌كرێت

K24 - هه‌ولێر:
موسلیم عه‌بدوڵڵا، ئه‌ندامی لیژنه‌ی په‌روه‌رده و خوێندنی باڵا له په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه (23ی ئادار/ مارسی 2021) بۆ كوردستان24 رایگه‌یاند، له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده تاوتوێی ره‌وشی خوێندن و قوتابیانی پۆلی (12)مان كردووه و گه‌یشتووینه‌ته ئه‌و ئه‌نجامه‌ی گۆڕانكاری له واده‌ی تاقیكردنه‌وه‌كانیان بكرێت.
موسلیم عه‌بدوڵڵا گوتی: "دوای ئه‌وه‌ی له (17، 18 و 19)ی ئه‌م مانگه قوتابیانی پۆلی (12) چه‌ند گردبوونه‌وه‌یه‌كان ئه‌نجام دا، لیژنه‌ی په‌روه‌رده و خوێندنی باڵای په‌رله‌مانی كوردستان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی په‌وه‌رده تاوتوێی چه‌ند پرسێكی له‌و باره‌یه‌وه كرد، به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی پرۆگرامی خوێندن".
گوتیشی: "ئێمه له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده هه‌ماهه‌نگیمان هه‌یه، توانیمان بگه‌ینه ئه‌نجامێك، كه ماوه‌یه‌ك بۆ قوتابیانی پۆلی (12) درێژبكرێته‌وه، كه (28) رۆژیان هه‌بوو، بۆیان بكرێته به (40) رۆژ، ئه‌مه ده‌رفه‌تێكی باشه تا قوتابیان خۆیان بۆ تاقیكردنه‌وه‌كانی كۆتایی ئاماده بكه‌ن".
موسلیم عه‌بدوڵڵا ئاماژه‌ی به‌وه كرد، "یه‌كێكی دیكه له داواكارییه‌كانی قوتابیان، كه داوایان كردبوو هه‌فتانه له (3) تاقیكردنه‌وه بۆیان بكرێت به هه‌فته‌ی (2) تاقیكردنه‌وه، ئه‌مه‌ش ده‌رفه‌تێكی باشه له‌به‌رده‌م قوتابیان".
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، "له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی پرۆگرامی خوێندن، وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده لیژنه‌یه‌كی پێكهێناوه، ده‌یانه‌وێت پێداچوونه‌وه‌یه‌ك بۆ وه‌رزی دووه‌م بكه‌ن، به‌پێی كاتی به‌رده‌ست، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كاتی تاقیكردنه‌وه‌ی وه‌رزی دووه‌م (9) رۆژێك هاتووه‌ته پێش".
سه‌باره‌ت به ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی خوێندن، "موسلیم عه‌بدوڵڵا" ئاشكرای كرد، "له (25)ی ئه‌م مانگه پۆلی (12) ده‌ست به‌خوێندن ده‌كه‌نه‌وه، به‌ڵام بۆ پۆله‌كانی (1-11)، وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده و لیژنه‌ی به‌ره‌نگابوونه‌وه‌ی كۆرۆنا، چاوه‌ڕوانی داتاكانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستین، تایبه‌ت به كۆرۆنا".
موسلیم عه‌بدوڵڵا روونیكرده‌وه، "ئێمه پێمان باشه خوێندن ده‌ستپێبكاته‌وه، به‌ڵام به توندكردنی رێككاره‌كانی خۆپارێزی، داواش له كه‌سوكاری قوتابیان ده‌كه‌ین هه‌ماهه‌نگ بن، تا رۆڵه‌كانیان زیاتر خۆپارێزی له قوتابخانه بكه‌ن، به‌ڵام دواجار بڕیاره‌كه بۆ ئه‌نجومه‌نی باڵای رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه (2) رۆژ زووتر بڕیاری له‌سه‌ر ده‌دات".
د.ی