وەزیری كارەبا: 17 ھەزار سەرپێچی سەر تۆڕەكانی كارەبا بڕدراون

"پێش دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم 44%ی کارەبا بە هەدەر دەچوو"

كارمەندێكی وەزارەتی كارەبا لە كاتی ئەركدا - ئەرشیف
كارمەندێكی وەزارەتی كارەبا لە كاتی ئەركدا - ئەرشیف

K24 - دھۆك

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای دەستبەکاربوونیەوە هەوڵەکانی خستووەتە گەڕ، بۆ ئەوەی سەرپێچییەکانی سەر تۆڕی کارەبای نیشتمانی لابدات، وەزیری کارەباش رایگەیاند، بەر لەدەستبەکاربوونیان 44%ـی کارەبا بە هەدەر دەچوو، بەڵام ئێستا ئەو رێژەیان بۆ 17% کەمکردووەتەوە.

د. كەمال محەمەد، وەزیری كارەبای حكومەتی ھەرێمی كوردستان بە كوردستان24ی گوت: "لە ساڵی 2019ـەوە تائێستا 17 ھەزار سەرپێچی سەر تۆڕەكانی كارەبا بڕدراوە، پێشتر 44%ی كارەبای ھەرێمی كوردستان بە ھەدەر دەچوو، بەھۆی ئەو سەرپێچیانەی دەكرانە سەر تۆڕەكانی كارەبا".

لای خۆیەوە سەفەر تەیب، بەڕێوەبەری دابەشكردنی كارەبای دھۆك رایگەیاند: "ساڵی رابردوو 651 ھاووڵاتی بەھۆی سەرپێچیەكانی سەر كارەبا سزا بدەین، كۆی ئەو پارەیەش كە وەك سزا لێیان وەرگیراوە 58 ملیۆن دینارە، ئێستاش چوار تیمی گەڕۆكمان ھەیە و لە ماوەی دوو مانگی سەرەتای ئەمساڵیش 291 ھاووڵاتیمان بە بڕی 26 ملیۆن دینار سزادراون".